پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژنان لەلایەن حوسییەکانەوە

تۆڕی نیشتمانی ماف و ئازادیەکان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، حوسییەکانی بە ئەنجامدانی زیاتر لە ١٠ هەزار پێشێلکاری دژی ژنان لە یەمەن تۆمەتبار کرد.

یەمەن

 

هەژموونی گروپی حوسی بە پشتیوانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەسەر بەشێک لە یەمەن و دەستپێکردنی ململانێ ناوخۆییەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، هەروەها حوسییەکانی یەمەن پێشێلکاری جۆراوجۆریان لە دژی ژنان ئەنجام داوە، لەوانە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە زیندانە نهێنییەکان.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەم پێشێلکاریانەدا ٧٨ ژن دەستبەسەر و ئەشکەنجەی جەستەیی دراون و حوسییەکانی یەمەن بە هێنانەکایەی تۆمەتی درۆ، دەبنە هۆی ئەوەی ژنان لە نێو خەڵکی یەمەندا بەدناو بن.

 

ڕۆژی دووشممە ٢١ تشرینی یەکەم، تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا حوسییەکانی بە ئەنجامدانی ١٠ هەزار و ١٥٦ پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە ١٧ شاری یەمەن لە نێوان ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ تا ١ی ئازاری ٢٠٢٤ تۆمەتبار کرد و داوای کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو پێشێلکارییانە دەستنیشان بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها داوای کرد کە سەرپێچیکاران لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ناوخۆیی یان نێودەوڵەتییەوە دادگایی بکرێن.

 

لەم ڕاگەیاندراوەدا هاتووە کە تیمی مەیدانی تۆڕەکە کوژرانی دوو هەزار ٧٨٦ ژن و برینداربوونی چوار هەزار و ٣٦٩ کەسی دیکەیان لە ئەنجامی بۆردومان و مین و تەقەمەنی و تەقەی قەناس بەدەستەکان و گوللەی زیندوو لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا بەڵگە کردووە.

 

تۆڕەکە باسی لە حاڵەتەکانی وەک ڕفاندن و ئەشکەنجەدان کردووە، کە تێیدا ٤٤٧ ژن ڕفێنراون و ئەشکەنجە دراون، ٦٩یان لە زیندانە نهێنییەکان بێسەروشوێن بوون، هەروەها ٧٨ ژن تووشی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و ئەشکەنجەی جەستەیی کراون.

 

ئەم تۆڕە ڕایگەیاندووە کە شاری تەعز بە تۆمارکردنی هەزار و ٨٠٢ حاڵەتی کوشتن زۆرترین ئاماری تاوانی هەبووە ، لە دوای ئەویش شاری حودەیدە بە ٤١٩ تاوان، دواتر عەدەن بە ١٥٨ تاوان و لەحج بە ١٤٢ تاوان، و باقی تاوانەکان لە شارەکانی مەریب، الجوف، ئەلدەلعە، ئەبیان و هتد ئەنجام دراون.

 

تۆڕی نیشتمانیی ماف و ئازادیەکان ڕایگەیاند کە تا ئێستا هەزار و ٢٧٤ حاڵەتی گیانلەدەستدانی ژنانی بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینە چێنراوانەی حوسییەکان لە شەقام و کێڵگە و ناوچەی نیشتەجێبوون تۆمار کردووە، هەروەها ٤٦ حاڵەتی کوشتنی ژنان لە ٩ شاری یەمەن، لەوانەش بەکارهێنانی چەکی سارد و هێرشی جەستەیی تۆمارکرا.

 

تۆڕی نیشتمانی ماف و ئازادیەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ڕێوشوێنی خێرا بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە بگرنەبەر و داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی شەفاف و خێرا لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بە پێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی کرد.