پەرەسەندنی حاڵەتەکانی کۆلێرا لە یەمەن ئاماژەیە بۆ دۆخێکی مرۆیی نیگەرانکەر

 نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە خراپتربوونی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە یەمەن، باران بارین و زستان ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ڕێگەی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە زیاد دەکات.

یەمەن

 

دوێنێ ٣٠ی ئەیلوول، نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان "OCHA" ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو دۆخە دڵتەزێنەی ئاشکرا کرد کە یەمەن لە ژێر ڕۆشنایی شەڕی بەردەوام و داڕمانی سیستمی تەندروستی و دامەزراوە بنەڕەتییەکان تووشی دەبێت .

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، داتاکانی وەزارەتی تەندروستی یەمەن ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆی ژمارەی گومانلێکراوەکانی تووشبوون بە سکچوونی ئاوی توند/کۆلێرا لە هەر ٢٢ پارێزگاکەی یەمەن ١٨٦ هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە، لە ماوەی ناوەڕاستی مانگی ئازار تا ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ڤایرۆسەکە خێراتر بڵاوبووەتەوە، بەجۆرێک لە نێوان هەزارو ٥٠ بۆ هەزارو ٨٠٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون لە ڕۆژێکدا تۆمارکراوە.

 

لە هەمان ماوەدا ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆلێرا بۆ زیاتر لە ٦٨٠ کەس لە سەرانسەری وڵاتدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی تەندروستی گشتی وڵاتەکە زیاتر دەکات.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پارێزگاکانی بەرزاییەکانی ڕۆژئاوا کە زۆربەیان لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندان، لە پێشەنگی لیستی زۆرترین ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا بوون، ئەمە جگە لەو شوێنە گەرمانەی کە نوێنەرایەتیان لە پارێزگاکانی "زالع، بەیزا، حەدیدە، جەوف، عەمران، حەجە، مەئارەب، وەریمە" کردووە.

 

منداڵانی بەدخۆراک، ژنانی دووگیان، کەسانی تەمەن گەورە و ئەو کەسانەی کە حاڵەتی تەندروستی درێژخایەنیان هەیە، زۆرترینن کە تووشی کۆلێرا دەبن، لە کاتێکدائامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵانی خوار تەمەنی ٥ ساڵان ١٦%ی کۆی گشتی حاڵەتە گومانلێکراوەکان و ١٨%ی گیان لەدەستدان پێکدەهێنن، بەڵام کەسانی تەمەن گەورە کە تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵەوەیە، نزیکەی ١٠%ی حاڵەتەکان و ٣٦%ی گیان لەدەستدان پێکدەهێنن.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری داوە لە خراپتربوونی ڕێژەکە لەبەر ڕۆشنایی ئەو باران بارینە زۆرەی کە لەم دواییانەدا زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، ئەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ڕێگەی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان زیاتر دەکات، زۆرێک لە دانیشتووان، بە تایبەت ئەوانەی لەو ناوچانە دەژین کە سەرچاوەی ئاوی پاکی خواردنەوە و دامەزراوەی پاکوخاوێنی دروستیان نییە، مەترسییەکی زۆریان لەسەرە.