ڕۆژئاوای کوردستان؛ ٩٠٠ هەزار خوێندکار ساڵی نوێی خوێندنیان دەستپێکرد

ساڵی نوێی خوێندنی قوتابخانەکانی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکرد، قوتابیانی قوتابخانەکانی قامیشلۆ دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند: خۆشحاڵین بە زمانی دایکی دەخوێنین و بۆ سەرکەوتن تێکۆشان دەکەین.

پێلین نوپەلدا

 

قامیشلۆ- لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ دەستیپێکردووە، بەپێی ئامارەکانی دەستەی پەروەردە و فێربوونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٩٠٠ هەزار خوێندکار و ٤١ هەزار مامۆستا لە ٤ هەزار و ١٠٠ قوتابخانەدا هەن کە بەشداری سیستمی پەروەردە بوون، جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی کە زمانی فەرمی ناوچەکەن، خوێندن بە زمانەکانی سریانی و ئەرمەنیش دابین دەکرێت.

 

"بە هێزێکی زیاترەوە دەست بە خوێندن دەکەین"

ڕۆزێر ئۆسێ، خوێندکاری پۆلی ١٠ی بنەڕەتییە لە قوتابخانەی شەهید شەرڤان لە شاری قامیشلۆ، دەڵێت: زۆر دڵخۆشم، چونکە ئەمە یەکەم ڕۆژی منە لێرە، دوای سێ مانگ پشوو، دەگەڕێینەوە بۆ خوێندن، مامۆستا و هاوڕێکانمان دەبینین.

 

ڕۆزێر ئۆسێ هیوای ساڵێکی خوێندنی باش و سەرکەوتووی خواست و لە کۆتاییدا گوتی: دەچمە ناو قۆناغێکی نوێ، بەرپرسیارەتیم قورستر دەبێت، پێویستە بە هێزێکی زیاترەوە دەست بە خوێندن بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین، هەروەها مامۆستایانیش یارمەتیدەر بن بۆ ئەم مەبەستە.

 

"ئێمە مافی فێربوونی زمانی دایکیمان هەیە"

سارا محەمەد، خوێندکاری پۆلی دوانزەیە لەسەر ئاستی ئامادەکاری، دەڵێت: ئەمە کۆتا ساڵی منە لە ئاستی ئامادەکاریدا، خۆشحاڵین بە خوێندن بە زمانی دایکی، ئێمە وەک هەموو وڵاتانی جیهان ئەو مافەمان هەیە بە زمانی دایکی خۆمان فێر ببین، ئێمە گوێ لە قسە و بۆچوونی نەرێنی نادەین چونکە ئەمە زمانی ئێمەیە، تەنانەت ئەگەر خەڵک بڵێن ئێمە ئەم زمانە نازانین و نایبینین، گرنگ ئامانج و خواستەکانمانە.

 

بەهیوای داهاتوویەکی سەرکەوتوو

سارا محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە دەیەوێت لە داهاتوودا ببێتە پزیشکی دڵ و وتی: دەمەوێت یارمەتی هەموو نەخۆشەکان بدەم، ئەمە هاوکارییەکی گەورەیە بۆ هەموومان، ئێمە ڕەنجمان داوە، هیوادارم ڕەنجەکانمان بە بەتاڵی نەڕوات. هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم خوێندکاران دەخوازم و هیوادارم داهاتوویەکی باش و سەرکەوتوویان هەبێت.