چالاکییەکانی دایکانی شەممە لە هەفتەی ١٠١٥دا بەردەوامە

لە هەفتەی ١٠١٥ی چالاکییەکانیاندا، دایکانی شەممە داوای دادپەروەرییان بۆ کەنان بیلگین کرد کە بێسەروشوێنە و وتیان: "کەنان بیلگین لە کوێیە؟"

ئیستەنبوڵ

 

دایکانی شەممە لە هەفتەی ١٠١٥دا جارێکی دیکە لە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای کۆبوونەوە و دەنگیان بەرزکردەوە بۆ ئەوەی لە چارەنووسی کەسوکارەکانیان بپرسن کە لە زینداندا ون بوون و کوژران، داواشیان کرد، بکوژەکان بدرێنە دادگا، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و زۆرێک لە کەسوکاری بێسەروشوێنەکان بەشدارییان لە چالاکیی دایکانی شەممەدا کرد و گوڵی قەرنەفیل و وێنەی کەسوکاری ونبووەکانیان بەرز کردەوە.

 

لە چالاکییەکەی ئەمڕۆدا دایکانی شەممە و کەسوکاری بێسەروشوێن بووان پرسیاریان لە چارەنووسی کەنان بیلگین کرد، کە لە ساڵی ١٩٩٤دا لە ئەنقەرە دەستبەسەر کرا و جارێکی تر هیچ هەواڵێکی لێ نەبیسترا.

 

سێبلا ئارجان، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی بێسەروشوێنکردن لە لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ- İHD لە چالاکییەکەدا بەیاننامەیەکی خوێندەوە و رایگەیاند کە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە سەدان کەس لە زینداندا بێسەروشوێن بوون و وتی: دۆسیەی کەنان بیلگین سەرەڕای ئەوەی دادگای ئەوروپا بە کۆی دەنگ بڕیاریدا ئیدانەیان بکات، بەڵام لە یاسای ناوخۆییدا بە هیچ ئەنجامێک نەگەشت و جارێکی دیکە چوونەتەوە بەردەم گەل، ٣٠ ساڵە دەپرسین کەنان بیلگین لە کوێیە؟ لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٤دا کەنان بیلگینی تەمەن ٣٠ ساڵ لە وێستگەی پاسەکانی دیکمێنا لە ئەنقەرە دەستبەسەر و گواسترایەوە بۆ بەشی پۆلیسی ئەنقەرە، خێزان و پارێزەران و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ هەوڵیاندا بگەنە کەنان بیلگین، بەڵام پۆلیسی ئەنقەرە ڕەتیکردەوە دەستبەسەری کردبێت، لەسەر ئەم بابەتە ١١ شایەتحاڵ بۆ ڕای گشتی ڕاپۆرتیان دا کە کەنان بیلگین لە لقەکەدا ئەشکەنجە دراوە و بنەماڵەی بیلگین تانەیان لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەنقەرە دا و داوای دۆزینەوەی کەنانیان کرد، بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە.

 

"تەنانەت باڵندەکانیش ئیتر نایەن"

پاشان عارف بیلگین، برای کەنان بیلگین، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: شانازی بە خزم و کەسە بێسەروشوێنبووەکانمان دەکەین، ئەوانەی گۆڕەپانی گەلاتەسەراییان گەمارۆ داوە، پێویستە شەرم بکەن و تەنانەت باڵندەش ئیتر نایەنە گۆڕەپانەکە.

 

لە کۆتایی چالاکییەکەدا گوڵی قەرنەفیلی سور لە ژێر گەمارۆکەدا دانرا.