ژنانی ئیدلب دوای دیپۆرتکردنەوەی کەسوکارەکانیان لە تورکیا ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ بوونەتەوە

زۆرێک لەو ژنانەی پشت بە هاوژین و منداڵەکانیان دەبەستن کە لە تورکیا کار دەکەن، دوای دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە دەستەبەرکردنی نانی ڕۆژانەیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- لەم دواییانەدا دیپۆرتی پەنابەرانی سووری لە تورکیاوە بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادی کردووە، کە دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و بۆردومانەکان بەدەست ژێرخانێکی وێرانەوە دەناڵێنن.

 

لەکاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیا بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا بانگەشەی ئەوە دەکات کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلامەتە، لە ڕاپۆرتی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە زیاتر لە شەش ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس لەنێو ئاوارەبووەکانی ناوخۆی سوریادان، ئەمە جگە لەوەی کە ١٤.٦ ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.

 

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، نزیکەی ٥.٩ ملیۆن کەس بۆ دەستەبەرکردنی خانووبەرەی سەلامەت پێویستیان بە هاوکاری هەیە و زۆرێکیان هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک پەروەردە و چاودێری تەندروستی.

 

تورکیا لە گەڕاندەوەی پەنابەران بۆ ناوچەکانی خۆیان یاسا پێشێل دەکات

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی تورکیا بۆ پەنابەرانی سوریا پێچەوانەی هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە کە پەیوەندییان بە مافی پەنابەران و دەستەبەرکردنی پاراستنیان و دەرنەکردنیان بە زۆرەملێیە.

ڕەوان خەتیبی تەمەن ٣٣ ساڵ، ژنێکی ئاوارەیە و هاوسەری یەکێک لەو کەسانەی لە تورکیا دیپۆرتکراونەتەوە، دایکی چوار منداڵە، کە دوو منداڵیان پێویستی تایبەتیان هەیە، هەر لە سەرەتای لەدایکبوونیانەوە تووشی نەخۆشی مێشک بوون و پێویستیان بە دەرمان و چاودێری پزیشکی هەیە، هەموو ئەم تێچووانە لەلایەن هاوژینەکەیەوە دابین دەکرا کە پێش دیپۆرتکردنەوەی لە تورکیا کاری دەکرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکانی هاوژینەکەی تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بووە، لەنێو هەژاری و گرانی نرخ و نەبوونی هەلی کار لەناو کامپەکانی باکوور و ڕۆژەڵاتی سووریا، کە منداڵەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە بەهۆی  پەراوێزخستنیان ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.

 

"تورکیا هیچ قەرەبوویەکی نەداوە بە خێزانەکەم بۆیە بژێوی ژیانمان نییە"

ڕەوان خەتیب ترسی لەوە هەیە کاتێک هاوژینەکەی گەڕاوەتەوە بژێویان نەبێت بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکەیان، بەتایبەتی لەکاتەی هاوژینەکەی بە بێ وەرگرتنی هیچ قەرەبوویەک گەڕاوەتەوە، دەڵێت: ئەگەر قەرەبوومان وەبگرتایە دەمانتوانی کارێک بۆ خۆمان دابین بکەین و بژێوی ژیانمان دەستەبەر بکەین.

 

ڕەوان خەتیب دووپاتیشیکردەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی دۆخەکە، ناچار دەبێت بە دوای کاردا بگەڕێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی لەگەڵ هاوژینەکەیدا پەیدا بکات، وتی: کاری یەک کەس لە خێزانەکەدا ناتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات، بۆیە بارودۆخەکە قورستر دەبێت کاتێک منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتت هەبێت، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە سورییە دیپۆرتکراوەکان کارتی پاراستنی کاتییان لە تورکیا هەیە، کە نوسراوێکی فەرمین و لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرمییەوە بۆ دانیشتوانی بیانی دەردەچن، بەڵام ئەم نوسراوە نایانپارێزێت لەو دیپۆرتکردنەوە ئارەزوومەندانەی تورکیا ئەنجامی دەدات دژی پەنابەرانی سووریا.

 

"پەنابەران لە تورکیا مافەکانیان پێشێل دەکرێت"

حەسنا ئەغواتی، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەوەی هاوژینەکەی کە نزیکەی حەوت ساڵ بوو لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا نیشتەجێ بوو، لەژێر کاریگەری لێدان و توندوتیژیدا ناچار بوو کاغەزێکی گەڕانەوەی خۆبەخشانە واژو بکات، سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەوەی بەسەر هاوژینەکەیدا هاتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی گۆڕینی شوێنی کارەکەی ناچار بووە شوێنی نیشتەجێبوونی لە تورکیا بگۆڕێت، هەروەها بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە داتاکانی نوێ بکاتەوە، لەلایەن تورکەکانەوە دەستگیرکراوە و نزیکەی مانگێک دەستبەسەرکران و دواتر دیپۆرتکرایەوە.

 

حەسنا ئەغواتی، ئیدانەی ئەو مامەڵەیەی کرد کە هاوژینەکەی لە ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوەدا لەگەڵیدا کراوە سەرەڕای نەخۆشییە درێژخایەنەکانی، هەروەها باری تەندروستیشی لەبەرچاو نەگیراوە، هەروەها ڕێگەی پێنەدراوە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەکە ڕەت بکاتەوە یان تەنانەت بەرگری لە خۆی بکات.