١٣٠  خێزانی دیکە گەڕانەوە بۆ شەنگال

 ئەمڕۆ ١٣٠ خێزانی کۆچبەرانی شەنگال لە کامپی کەبەرتۆ لە پارێزگای دھۆکەوە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

گەڕانەوەی گەلی شەنگال بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری دابوو کەمپەکانی کۆچبەران لە باشووری کوردستان دابخرێت و کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، کاتێکی بۆ ئەوە دیاری کردبوو، بەڵام بە دەستوەردانەکانی پەدەکە کاتی دیاریکراو درێژکرایەوە و بڕیاردرا کە تا ٣٠ی تەمموز کامپەکان بە تەواوی چۆڵ بکرێن.

 

دوای ئەوەی پارێزگای سلێمانی کۆچبەرانی شەنگالی لێنەماو گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوانەی لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێبوون بە هەمان شێوە دەستیان بە گەڕانەوە کرد.

 

ئەمڕۆ ١٣٠ خێزانی دیکە کە لە دهۆک بوون گەڕانەوە شەنگال، ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە هەموو گوند و کۆمەڵگەکانی شنگال نیشتەجێ بوون و خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەهەموو هێزی خۆیەوە کاری کرد بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان.

 

زیاتر لە ٦٠٠ خێزانی دیکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەگەڕێنەوە, بەپێی ئەو زانیارییانەی لەخەڵکی ناو کەمپەکانەوە دەستکەوتوون، ئەگەر بەخێرایی فایلەکانیان ئامادە بکرایە، تا یادی ١٠ ساڵەی فەرمانەکە کەس لە کامپەکاندا نەمابوو، بەڵام پەدەکە بەربەستی زۆری دانا.