کۆچبەرانی کورد لەسەر سنوری ئەوروپا سوکایەتییان پێدەکرێت

دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لەبارەى دۆخى کۆچبەران لە کاتى گەشتنیان بە خاکى یۆنان ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە سنووری یۆنان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت سوکایەتییان پێدەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لەبارەى دۆخى کۆچبەران لە کاتى گەشتنیان بە خاکى یۆنان ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە سنووری یۆنان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و گلەیی ئەوەیان کردووە، ناچاربوون جلەکانیان داکەنن و لە ناوچە هەستیارەکاندا پشکنینیان بۆ بکرێت.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کۆچبەرانەى گەشتوونەتە خاکى یۆنان، ڕاپۆرتیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان داوە، کە تووشی توندوتیژیی و دزی لێکردن بوونەتەوە، هەروەها یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی ڕێگەی کۆچی نایاسایی توندوتیژییکردن و نامرۆڤانە مامەڵەکردنە لەگەڵ کۆچبەراندا لەسەر سنوورەکان، لەلایەن خەڵکی وڵاتەکەوە یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر سنووری وڵاتانەوە.

 

 

ئەوەشخراوەتە ڕوو، ئەو کۆچبەرانەی لە ڕێگەی سنووری یۆنانەوە دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا، باسیان لەوە کردووە، کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوەیاندا بۆ تورکیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکپۆشی یان دەمامکدارەوە دەستیان لە ئەندامانی جەستەی کۆچبەرەکان داوە بە شێوازێکی ناشرین.

 

بەپێی قسەی کۆچبەرەکان، دەزگای لوتکە باسی لەوەکردووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا ناچاربوون جلوبەرگیان لەبەر دابکەنن و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لەبەردەم سەرمایەکی زۆر بهێڵرێنەوە و ئەگەر هەرکەسێکیش بەرەنگاری بکردایەتەوە هەڕەشەی لێدەکرا و بە دار لێی دەدرا.