نەتەوە یەکگرتووەکان: ساڵی ڕابردوو ٨٩ هەزار ژن کوژراون

نەتەوە یەکگرتووەکان لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکرایکرد، ساڵی ڕابردوو لە سەرانسەری جیهاندا ٨٩ هەزار ژن کوژراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە نیوەی تاوانەکان لەلایەن هاوژین، برا، باوک یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیان کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و ناچارکردن بە خۆکوشتن دیارترین جۆرەکانی توندوتیژیین و ساڵانە ڕێژەی کوشتنی ژنان لە جیهاندا ڕوو لە زیادبوونە، نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان و ژنانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەم کورتەی توێژینەوەیەکی هاوبەشیان بە ناونیشانی "کوشتنی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی- فێمیساید" بڵاوکردەوە.

 

"لە ٢٠٢٢ کوشتنی ژنان زۆر زیادی کردووە"

تایبەت بە خەمڵاندنی جیهانیی بۆ تاوانەکانی ژنان لەلایەن هاوژین-خێزان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ، تێیدا ئاشکرایان کرد سەرباری کەمبوونەوەی ڕێژەی گشتی تاوانەکانی کوشتن، کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا زۆر زیادی کردووە ٨٩ هەزار ژن لە جیهاندا کوژراون، بە شێوەیەک کە بەرزترین ڕێژەیە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.

 

ڕۆژانە  ١٣٣ ژن لایەن ئەندامیکی خێزانەکانیان دەکوژرێن

توێژینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەو کوشتنانەی لەنێو ماڵدا ئەنجامدراون، لە کۆی ٨٩ هەزار کوشتنی ژنان ٤٨ هەزار و ٨٠٠یان لەلایەن هاوژین یان ئەندامانی دیکەی خێزان ئەنجام دراوە و کە دەکاتە ٥٥%ی کوشتنەکان، ئەو ڕێژەیە دەرخەری ئەوەیە ماڵ و خێزان نەبوونەتە پەناگەیەکی سەلامەت و پارێزراو بۆ ژنان، کە بە تێکڕا ڕۆژانە زیاتر لە ١٣٣ ژن لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکانیان کوژراون.

 

لە توێژینەوەکەی ئەو دوو نووسینگەیەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئامارەکانی ژن کوشتن بەپێی کیشوەرەکان جیاکراوەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکان لە ئەفریقا ٢٠ هەزار ژن کوژراون، لە ئاسیا ١٨ هەزار و  ٤٠٠،  ئەمریکا ٧ هەزار و ٩٠٠، لە ئەوروپا دوو هەزار و ٤٠٠ لە ئوسترالیا ٢٠٠ ژن، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن هاوژین و ئەندامانی دیکەی خێزان، کوژراون.

 

"ئامارەکانی کوشتنی ژنان مەترسیدارن"

لەبارەی مەترسیی و گەورەیی ڕێژەی ژن کوشتن، غادە وەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و  ماددە هۆشبەرەکان وتی: ئامارەکانی کوشتنی ژنان مەترسیدار و هۆشدارییەکی توندە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی تا ئێستا ڕووبەڕوو و بەرەنگاریی نایەکسانی قوڵ و توندوتیژیی دژی ژنان دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەتەکانی جیهان کار بکەن بۆ پێشخستنی سیستم و ڕێگەیەک کە کۆتایی بە دەربازبوونی تاوانباران لە سزا بهێنن و پاراستن و ئاسایش بۆ ژنان زیاتر دەستەبەر بکەن هاوکارییەکی زیاتر پێشکەش بە قوربانییەکان بکەن و دادگانیش ببنە ناوەندێک بۆ کۆتایهێنانن بە ژنکوژیی و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن.