مونا یاقو: لە دوو ساڵدا زیاتر لە ٥ هەزار منداڵ هاوسەرگیری پیشوەختەیان پێکراوە

مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە نێوان ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢، زیاتر لە ٥ هەزار منداڵی کچ هاوسەرگیری پێشوەختەیان پێکراوە و گرێبەستیان هەبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە میانی کردنەوەی بەشی پاراستنی مافەکانی منداڵان لە دەستەى سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم لە شاری هەولێر مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرایکرد، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٢، ٥ هەزار و ٢٧ منداڵی کچ کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵانە هاوسەرگیریی پێشوەختەیان پێکراوە، ئەمە کارێکی نایاساییە و پێویستە منداڵان هەموو مافێکیان پارێزراو بێت و بخوێنن و تەمەنی منداڵییان بژین.

 

لە ٢٠٢٢، ٨ هەزارو ٤٨ گرێبەستی هاوسەرگیری خوار تەمەن ١٨ ساڵ هەبووە

لە مانگی تشرینی یەکەمى ئەمساڵیش سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو کردەوەو تێیدا هاتبوو: ٥٥ هەزار و ٨٩٦ گرێبەستی هاوسەرگیریی واژۆ کراوە، لەو ڕێژەیە ٨ هەزار و ٤٨ گرێبەستیان کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون.

 

لەماوەی ساڵێکدا ڕێژەکە زیادیکردووە

ساڵی ٢٠٢١، ڕێژەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان ٢٢.٦٪ بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ٢٥.٢٪.