کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسان: ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو گەیشتە ٦٣ ڕۆژنامەنووس

لە ڕاپۆرتی مانگی ئەیلوولی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان بەرامبەر بە کارمەندانی ڕاگەیاندن، ڕاگەیەندرا کە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو گەیشتووەتە ٦٣ ڕۆژنامەنووس.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات-DFG ڕاپۆرتی مانگی ئەیلوولی پێشێلکردنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو گەیشتووەتە ٦٣ ڕۆژنامەنووس، ٧ ڕۆژنامەنووس سزای ٥ ساڵ و ٩ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بێکۆتایە، ڕۆژنامەنووسانیش سوورن لەسەر پەیڕەوکردنی ڕاستییەکان لە بەرامبەر هەموو پێشێلکارییەکاندا، تا شکۆی پیشەکەیان و پاراستنی مافی ڕای گشتی بۆ وەرگرتنی زانیاری بپارێزن

 

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "لە مانگی ئەیلوولدا پێشێلکاری لە دژی مافی ژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، لەگەڵ دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردندا، هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان کراوە و کردەوەی خراپیان بەرامبەر دەکرا، زۆر جار ڕێگرییان لێکرا تا بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان بکەن، لە بواری ئازادی بیرکردنەوە و خۆدەربڕین پێشێلکاری هەبوون، لێکۆڵینەوە لەسەریان دەستیپێکرد، سکاڵای یاسایی تۆمارکرا و سزایان بەسەردا سەپێندرا، لەم مانگەدا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم دەرگای دادگاکان بوون".

 

دادگاییکردنەکان بەردەوامن

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دەستگیر کردنی دیجلە موفتوئۆغڵو، هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە کرا، کە تا ئێستاش زیندانی کراوە، بەڵام هێشتا ئەو دادگایەی کە دادگایی دەکرێت و وادەی دانیشتنەکەی دیاری نەکراوە، سەدات یەڵماز، سەرنووسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیاش لە هەمان دۆخدایە، لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا دانیشتنێک لەسەر دۆسیەی هەندێک لە ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی وەک عەبدوڕەحمان گۆک، م.شا ئۆروچ، ڕەمزی ئەکایا و حەمدوڵا بایرام هەبوو، بەڵام بەداخەوە هیچیان ئازاد نەکران، دانیشتنی بەڕێوەبەری پەخشی گشتی تەلەفزیۆنی تەلە-١ لە هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت.

 

سەرپێچی لە زیندانەکاندا

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکان کراوە، ئەو پێشێلکارییانە بەم شێوەیە خراونەتەڕوو: "لەلایەکی دیکەوە پێشێلکارییەکانی ماف بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە زیندانەکانیشدا کۆتایی نایەت، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لە نێویاندا دیجلە موفتوئۆغڵوی هاوسەرۆکمان، لەناو چوار دیوارەکەدا تووشی پێشێلکردنی مافەکان بوونەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە حکومەتی ئاکەپە چەندە لە ڕۆژنامەنووسان دەترسێت، جەلالەدین جان، نووسەر و ڕۆژنامەنووس هێشتا لە زیندان ڕاگیراوە هەرچەندە نەخۆشە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دوای ئەوە دیسان ڕەوانەی زیندان کراوە، ئەم کارەی دژی جان کە دژی بێیاسایی وەستایەوە و پشتیوانی ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەمی کرد و خاوەن هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیە، جێگای قبوڵ نییە و ئێمە دەمانەوێت دەستبەجێ جان ئازاد بکرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ١٢ ڕۆژنامەنووس ڕاگیراون، ٤ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، ٣ ڕۆژنامەنووس مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە، ١٠ ڕۆژنامەنووس ڕێگرییان لێکراوە، لە زیندانەکاندا پێشێلکاری بەرامبەر ٦ ڕۆژنامەنووس کراوە، ٦ ڕۆژنامەنووس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، ٧ ڕۆژنامەنووس سزای ٥ ساڵ و ٩  مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی بەسەریاندا سەپێنراوە و ٨٤٨ ڕۆژ سەرپێچی و ١١ قەدەغەکردنی پەخش و ١٦٤ ناوەڕۆکی دیجیتاڵی میدیا و ٢٦٨ هەواڵ قەدەغە کران.