ژنان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بکوژانی ناگیهان ئاکارسەل سزا بدرێن

٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تیرۆر کرا، لە ساڵیادی تیرۆر کردنیدا، شاندی ژنان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە و داوا

ناوەندی هەواڵ

 

٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تیرۆر کرا، لە ساڵیادی تیرۆر کردنیدا تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە)، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و دەستپێشخەری دادپەروەری بۆ ناگیهان ئاکارسەل لەگەڵ گیهان ئیندراگوپتا، ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە.

 

شاندەکە نامەیەکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە واژۆی ٣١٢ کەسایەتی چالاکوان، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەوان و نووسەر و دامەزراوەیان لە ٥١ وڵاتەوە لەسەربوو، دوای کۆبوونەوەکەش شاندی ژنان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ساڵێک لەمەوبەر لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەکادیمیست، ژنە نووسەر و ڕۆژنامەوان و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەکاتی جێهێشتنی ماڵەکەی لە سلێمانی کوژرا، لەوکاتەوە تا ئێستە، کەس سزا نەدراوە، پێویستە بەرپرسانی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو کوشتنە سیاسییەکان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.

 

دەستپێشخەرییەکە ئاماژە بەوە دەکات، بکوژەکە لەکاتی هەڵاتن بۆ هەولێر دەستگیرکراون و کەسێکە بە ناوی ئیسماعیل پێکەر خەڵکی تورکیایە، دەڵێت: عەلی ڕەزا گونەی کونسوڵی دەوڵەتی تورک لە عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە زمانێکی دیپلۆماسی دانی بەوەدانا کە بکوژەکە لەلایەن میتەوە ڕاسپێردراوە، نە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە دەسەڵاتدارانی عێراقیش هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ بە سزا گەیاندنی بکوژەکە و ئەو هێزانەی لە پشتیەوەن و ڕۆشنایی بخەنە سەر ئەم تاوانە نایاساییە.

 

ژنان بانگەوازیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەپەلە ڕۆڵ بگێڕن.

دەسپێشخەرییەکە داوا دەکات:

*ئەوانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو کوشتنە سیاسییەکان دەبێت دادگایی بکرێن و بەسزا بگەن.

* ئاسمانی عێراق و سوریا بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکدا دابخرێت.

*دەبێت فشار بخرێتە سەر دەوڵەتی تورک تا تاوانە جەنگییەکانی ڕابگرێت.

* ئەردۆگان و حکومەتی ئاکەپە پێویستە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن لەسەر تاوانە جەنگییەکان و تاوانەکانیان دژی مرۆڤایەتی و ژنان و گەل”.

لە زۆرێک لە شارەکاندا نامە دەدرێتە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان

جگە لە ژنێڤ، نامە بۆ دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیروت، قامیشلۆ، مەخمور و ستراسبۆرگ دەنێردرێت.

نامەکە بە سەدان واژۆوە بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و چارڵز میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەنێردرێت، جگە لەوەش، لە ٤ی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR) – بەشی هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی و تەکنیکی و بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، گوردیپ سەنگها، کۆبوونەوەیەک دەکرێت و هەمان نامەی ڕادەست دەکرێت.