یەکێتی ژنانی گەنج: با خۆمان ڕێکبخەین و ژیانێکی ئازاد دروست بکەین

ڕووهەیڤ ئاگری، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژە بەوەدەکات، دروستکردنی کەسایەتییەکی ئازاد، پێویستی بە گۆڕینی تێڕوانین و پەروەردە هەیە، بۆیە گرنگی بە کاری پەروەردەیی دەدەن لە بواری ژناندا.

دیرەن ئەنگیزەک

 

قامیشلۆ- گەورەترین سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕاوە لە ژیان و سیاسەت و جەنگدا و وەک هۆکارێکی بڕیاردەر پێناسە دەکرێن، لەم ئاستەدا، دەستگەیشتن بە ژنان بۆ ئەم ئاستە پێویستی بە بیرۆکەی ئازادی ژنان و تێگەیشتنێک هەیە کە خەڵک لەژێر سەقفی یەکێتی نەتەوەیەکی دیموکراتیکدا دەژین، بێگومان پێشەنگەکانی ئەم شۆڕشە گەنجان و ژنانن کە داینامیکیترین پێکهاتەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن.

 

ئەو ژنانەی کە لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە چالاکانە لە بواری ڕێکخستن و پەروەردەدا کار دەکەن، دەیانەوێت ئەمڕۆ لە هەموو شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ هەموو ژنانی گەنج کۆببنەوە، کاری ژنانی گەنج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٣ وەک بزووتنەوەی ژنانی گەنجی شۆڕشگێڕ دەستیپێکرد و لە ساڵی ٢٠١٦ بە یەکێتی ژنانی گەنج ناونرا.

 

"ئێمە گرنگی بە خەباتی پەروەردەیی دەدەین"

ڕووهەیڤ ئاگری، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا- سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی گەنج وتی: لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش، هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا دەستیپێکرد، بەڵام ئێمە گرنگیمان بە کاری پەروەردەیی دا بۆ ئەوەی زیاتر ڕاستی دوژمنمان بناسین، کاری پەروەردەیی ئەنجام دەدرێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و پاراستنی هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەمانە بە سیمینار و کۆبوونەوە و ڕاهێنان ڕێکدەخەین، کار بۆ هۆشیارى ده کرێت، هێرشێکی گەورە بۆ سەر گەلەکەمان و ژنانی گەنج هەیە، بە ئامانجگرتنی ژنانی گەنج و هەمیشە پلاندانان بۆ چۆڵکردنی ناو شۆڕشەکەمان ئەنجام دەدرێت، بۆ دروستکردنی کەسایەتییەکی ئازاد، پێویستی بە گۆڕینی تێڕوانین و پەروەردە هەیە، بۆیە گرنگی بە کاری پەروەردەیی دەدەین لە بواری ژناندا.

 

لەگەڵ ژنۆلۆژی، تێگەیشتنی ٥ هەزار ساڵە دەشکێنن

ڕووهەیڤ ئاگری ڕایگەیاند، ژنانی گەنج بەبێ خوێندن و بێباوەڕی و بێ ئێرادەیی دەهێڵدرێنەوە و پێویستە خۆیان پەروەردە بکەن و وتی: خوێندنی ئەکادیمیا و سیمینار بە زمانی عەرەبی و کوردی پێشکەش دەکرێت، بە دیمەنی وەک سینەفزیۆن پشتگیری پەروەردە دەکرێت، کاتێک ژنانی گەنج ڕۆڵی خۆیان دەناسنەوە، کەسایەتییەکی لێکۆڵەر دەردەکەوێت، ژنانی گەنج دەیانەوێت ژیانێکی مانادارتر و مەبەستدار بژین دوای ئەم پەروەردانە، ژنانی گەنج لە ڕێگەی کامپی ژنۆلۆژییەوە پەروەردە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنەی پیاو کە تەمەنی ٥ هەزار ساڵە بگۆڕین کە ئەم تێگەیشتنە هێشتا زیندووە، هێشتا دەیانەوێت هەموو ڕۆژێک ژنانی گەنج نوقم بکەن و هەموو ڕۆژێک توندوتیژی بەکاربهێنن، لە کامپەکاندا هەوڵ دەدرێت بۆ گۆڕینی تێڕوانین، چونکە ئەگەر تێگەیشتنی ژن و پیاو نەگۆڕدرێت، ئێمە ناتوانین کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بنیاد بنێین و ناتوانین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە تێیدا هەردوو ڕەگەز بە یەکسانی نوێنەرایەتی بکەن، بۆیە گرنگی بە پەروەردەی ژنان و کامپی کراوە لە هەموو بوارەکاندا دەدەین.

 

"تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، ژیانێکی ئاسایی نابێت"

ڕووهەیڤ ئاگری ئاماژەی بەوەدا، ماوەیەکی زۆرە هیچ زانیارییەک لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە بەدەست نەگەیشتووە و وتی: ڕێبەر بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراوەو دەبێت ئەو گۆشەگیرییە بشکێندرێت، تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، ژیانێکی ئاسایی هەرگیز قبوڵ ناکرێت، ژنانی گەنج لە هەموو تەمەنێکدا دەتوانن بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن و ڕۆڵێکی چالاک بگێڕن، بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی گەنج دەبێت بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان. ئەوەی بەهێزمان دەکات، بڵاوبوونەوەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆیە.

 

"بە شەڕی تایبەت یاری بەئیرادەی ژنانی گەنج دەکەن"

ڕووهەیڤ ئاگری ڕایگەیاند بە سیاسەتی تایبەتی جەنگ، ئیرادەی ژنان دەشکێنن و وتی: بە تایبەتی ژنانی گەنج دەبێت بەرگری لە خۆیان بکەن لە دژی جەنگی تایبەت، ژنانی گەنج بەبێ هیوا، بەبێ مەبەست و بەبێ گەڕان دەژین، نازانن چییان دەوێت، شەڕی تایبەت ئەم دۆخە دروست دەکات، منداڵان و ژنان لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری دەکەن. سەرمایەداری کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان هەیە وەک ئەوەی هیچ ژیانێک لە دەرەوەی هاوسەرگیری نەبێت، بەڵام هەموو کەسێک دەتوانێت بە تەنها بژی و خۆی ڕێکبخات، بەتایبەتی ژنان.

 

"هەوڵ دەدەن کەسی بێ ئامانج، بێ ڕەوشت دروست بکەن"

ڕووهەیڤ ئاگری ئاماژەی  بەوەکرد ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێندرێن بۆ ڕێگریکردن لە ژنانی گەنج لەوەی پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بکەن و وتی: ماددەی هۆشبەر زۆر زیادیان کردووە،هەوڵ دەدەن کەسی بێ ئامانج، بێ ڕەوشت دروست بکەن، هەموو ئەمانە بەهۆی کاریگەری شەڕی تایبەتەوەن، ئەوان دەیانەوێت کۆمەڵگەیەک دروست بکەن کە بە پاڵنەرەکان کار بکات، بە بیرکردنەوەی خۆی کار ناکات، جەنگی تایبەت کاریگەری لەسەر هەموو خێزانەکانی ئەمڕۆ کردووە. ئەمە لە ڕووی مۆبایل و فیلمە تورکییەکان ڕوودەدات، هەروەک چۆن دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەرمان، هەموو ڕۆژێک دەمانکوژێت، کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک دەکات بەو فیلمانەی کە لە دەرەوەی ڕەوشتی کۆمەڵایەتین، هانی خۆشەویستی لە دەرەوەی ڕەوشت و هاوسەرگیری و پەیوەندییەکان دەدات، ئەگەر زۆرێک لە ژنان بەرەو خۆکوشتن بڕۆن، ئەوە بەهۆی نائومێدی و بێ ئامانج و کاریگەرییەکانی جەنگی تایبەتەوەیە، تەنها یەک ڕێگا نیشان دەدات، مردن و جیابوونەوە لە کۆمەڵگە.

 

"ئەگەر بەرخۆدان هەبێت، بۆچی ژیانێکی شەرمەزارکەر هەڵدەبژێرم؟"

ڕووهەیڤ ئاگری ئاماژەی بەوەدا، هەوڵ دەدەن وڵاتەکە چۆڵ بکەن بە هیوای ژیان لە ئەوروپا، لەگەڵ شەڕی تایبەتدا، سیاسەتی ڕەشکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەیانەوێت ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن و وتی: زۆرێک لە ژنان لەسەر ڕێگاکانن و لە دەریاکاندا خنکاون، ئەمانە ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین هێرش دەکەنە سەر وڵاتەکەمان، دەبێت ڕاستیەکان ببیندرێن، پێویستە لە خۆی بپرسێت ئەگەر ئەمڕۆ شەڕڤان هەیە لێرە شەڕ بۆمن دەکات، ئەگەر بەرخۆدان هەبێت، بۆچی ژیانێکی شەرمەزارکەر هەڵدەبژێرم؟ مردنیش دەبێت شەرەفمەند بێت، شەڕی تایبەت بە شێوەیەکی ناڕەوا بەڕێوەدەچێت و هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان چۆڵ بکەن، ئەگەر ژنان و گەنجان لە وڵاتەکەیان نەبن، کێ وڵاتەکە دەپارێزێت؟.

 

ڕووهەیڤ ئاگری باسی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا کەسانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج، ئەو کەسانە دەکوژێت کە کۆمەڵگە پەروەردە دەکەن - زانیاری شەهید ڤەژین، واهەت، ڤییان و نوژیان زانا بوون و لە بواری ڕێکخراوەییدا خۆیان پێشخستبوو، بەتایبەتی بە ئامانگ کران،  یادی ئەو هاوڕێیانە دەکەینەوە، کۆمەڵگەیان هۆشیار دەکردەوە، زۆرجار خولی پەروەردەییان بۆ ژنان و گەنجان بەڕێوەدەبرد، ئێمە خەباتمان بە ڕۆحی ئەو هاوڕێیانە زیاد دەکەین.

 

" دەمانەوێت تۆڵەی ئەم سەدەیە بە هەنگاوێکی نوێ بکەینەوە"

ڕووهەیڤ ئاگری لەبارەی هەڵمەتی "ژن، ژیان، ئازادی" قسەی کرد و وتی: دەمانەوێت تۆڵەی سەدە بەو هەڵمەتە بکەینەوە، بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبین، ئازادی بۆ ژنان و کۆمەڵگە دەبێت. ئامانجی سەرەکی ئێمە ئازادی جەستەیی ڕێبەرمانە، دەمانەوێت کارەکانمان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دەنگی هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا یەکبخەین، بە دەنگی ژنانی گەنج لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەمانەوێت بگەینە هەموو ژنانی جیهان، هەروەک چۆن شۆڕشی ڕۆژهەڵات بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکرد و لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەوە، ئێمە تۆڵەی هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە کە لە کەسایەتی ژینا ئەمینی کوژران، ئەم شۆڕشە لە هەموو شوێنێک بڵاو دەکەینەوە.