هێزا شەنگالی: بە فراوانکردنی هێزی ژنان وەڵامی فەرمانەکە دەدەینەوە

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و بە نزیکبوونەوەی تێپەڕاندنی ٩ ساڵ بەسەر فەرمانەکەدا، هێزا شەنگالی، فەرماندەی یەژەشە ئاماژەی بەوەکرد، بە فراوانکردنی هێزی پاراستنی ژنانی ئێزیدیخان وەڵامی فەرمانەکە دەدەنەوە.

نوژین ئێزیدی

 

شەنگال- هێزا شەنگالی، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی ژنانی ئێزیدیخان، یەکێکە لەو ژنە ئێزیدییانەی کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کەوتە دەستی چەتەکانی داعش، هێزا شەنگالی بە بەشداریکردنی لە ڕێزەکانی یەژەشە وەڵامی عەقڵییەتی پیسی پیاوی هەژمونی دایەوە کە فەرمانی لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدی جێبەجێکرد، ئەو یەکێک بوو لەو ژنانەی کە بە تێکۆشان و هەڵوێستی تۆڵەسەندنەوەی گرتەبەرو توانی لە دژی چەتەکانی داعش بوەستێت و بەشداری لە شەڕی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەی ئیزدی کرد.

 

"دوای فەرمانەکە ژنان و تەواوی کۆمەڵگەی ئێزیدی پارێزراون"

هێزا شەنگالی سەرەتا قوربانییەکانی فەرمانەکەی بەبیرهێنایەوە و دەربارەی بارودۆخی ژنانی ئێزیدی پێش فەرمانەکە وتی: پێش فەرمانەکە، کۆمەڵگەکەمان لە خۆیدا داخرابوو، کۆمەڵگەی ئێمە بە پێی کولتوور و باوەڕە کۆنەکانی خۆی ژیانی خۆی ڕێکخست، وەک کۆمەڵگەیەک و بە تایبەتی ژنان پارێزراو بووین، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، کچەکانمان و دایکانمان ڕووبەڕووی ئازارێکی زۆر بوونەوە، کاتێک هەزاران کەس کەوتنە دەستی چەتە دڕندانەکانی داعش، خاوەنی هێزو باوەڕ و ئیرادەیەکی ڕێکخراو نەبوون، هێزی ئەوەمان نەبوو بەرگری لە خۆمان بکەین، وەک کۆمەڵگەیەک، بەتایبەتی وەک ژنان، لە بەرگریکردن لە خۆمان بێچارە بووین.

 

وتیشی: ئێمە لەژێر پاراستنی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەی سەر بە پەدەکە بووین، هەزاران هێزی چەکدار هەتا ڕۆژی فەرمانەکە لە شەنگال بوون، بەڵام لە ڕۆژی فەرمانەکەدا پشتیان لە کۆمەڵگەی ئێزیدی کرد و ڕێگایان کردەوە بۆ فەرمانەکە، دایک و ژنە بەندکراوەکانمان کەوتنە دەستی ئەوان، ئەمە ڕاستییەکی زۆر ئازاربەخشە کە گرنگ نییە چەند ساڵ دەخایەنێت، لەبیر ناکرێت، دەتوانم بڵێم هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم فەرمانە بە سیاسەتی گڵاوی خۆی لەبیر بباتەوە.

 

"لە مێژووی کۆمەڵگەی ئێزیدیدا ژنانی پێشەنگ هەبوون"

هێزا شەنگالی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە مێژووی گەلەکەماندا، ژنان هەمیشە پێشەنگ بوون، سەدان ناوی ژنان هەیە کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەیان کردووە، بەڵام ئێمە وەک ژنان و گەنجانی ئەم سەردەمە لەم ڕاستییە و مێژوومان بێبەش بووین، بەهۆی هێرش و فەرمانەکانەوە، چیتر ڕۆڵی ژنانی ئێزیدی لە کۆمەڵگەکەماندا وەک خۆی نەبوو.

 

"ئەوانەی لە دەست داعش ئازارێکی زۆریان چەشت، توڕەییەکی گەورەیان بۆ تۆڵەکردنەوە هەیە"

هێزا شەنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانەی کەوتنە دەستی چەتە دڕندەکانی داعش و ڕرزگارکران، توڕەییان بەرامبەر بە چەتەکان زیاتربووە، کاتێک هێزەکانی پاراستنی ژنانم ناسی، ئیرادەو بەرخۆدانیانم بینی و پڕۆسەیەکی نوێ لە ژیانی من و زۆرێک لە ژنانی ئێزیدی دەستیپێکرد، هێز و باوەڕمان بە تێکۆشانی ئازادی لە هێزی ڕێکخراوەیی یەپەژە و یەپەژە وەرگرت، بە پێشەنگایەتی هێزی پاراستنی ژنان، کۆمەڵگەکەمان لە هەموو جۆرە هێرشێک پارێزراو بوو.

 

"بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هێز و ئیرادەی خۆناسینی بنیادنا"

هێزا شەنگالی باسی کاریگەری گەریلاکانی ئازادی و شەڕڤانانی یەپەژەی کردو وتی: هێزەکانی پاراستنی ژنان  یەژا-ستار، یەپەژە، یەپەگە، هەپەگە،  لەپێناو پاراستنی هەموو بەها مرۆییەکان گەورەترین قوربانییان بۆ کۆمەڵگەکەمان داوە، قوربانیدانی هەموو شەڕڤانێکی ئازادیخواز بۆ کۆمەڵگەکەمان بەگشتی بووە بە قوتابخانەی خۆئاگایی. گرنگترین شت بۆ ئێمە ئەوە بوو کە خۆمان پەروەردە بکەین و خۆمان ڕێکبخەین، وەک کۆمەڵگەیەک هێزی بەرگریمان لەسەر بنەمای بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێکخستووە، هەزاران شەهیدمان بەخشیوە لە دروستکردنی ئەم ڕێگایەدا، چونکە تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ ڕێگەگرتن لە هێرش و کۆمەڵکوژی.

 

"بە هاوکاری پەدەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن"

هێزا شەنگالی تیشکی خستەسەر سەر ئەو مەترسییانەی کە هێشتا بەردەوامن و وتی:  تا ئاستێک وەک هێزێکی پاراستن خۆمان ڕێکخستووە، بەڵام دوای فەرمانەکە و تا ئێستا پلانەکان بۆ هێرشی پیس و سیاسەتی سەر شەنگال کۆتایی نەهاتووە، پەدەکە بە هەموو هەوڵ و پلانە گڵاوەکانیەوە هێشتا مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان، ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم کە لە نێوان دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، پەدەکە و عێراق واژۆکرا هەموو ڕۆژێک پێشەنگەکانی کۆمەڵگەکەمان دەکاتە ئامانج.

 

"بەشداری هەر ژنێکی ئێزیدی لە هێزەکانی پارستندا وەڵامی فەرمانەکە دەداتەوە"

هێزا شەنگالی باسی ئامانج و خەباتی کرد و وتی وەک هێزێک بۆ پاراستنی ژنانی ئێزیدی، ئامانجی سەرەکی ئێمە زیادکردنی هێزی پاراستنە، ئەمساڵ بەشداری لە ڕیزەکانی یەژەشەدا دروستبوو، بەشداری هەر ژنێکی ئێزیدی لە ڕیزەکانی یەژەشە وەڵامێکە بۆ فەرمانەکە، هەروەها یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئێمە پەروەردەیە، ئەکادیمیامان هەیەو هێزی یەژەشە لەو ئەکادیمیایانەدا پەروەردەی ڕۆشنبیری و سیاسی و ئایدۆلۆژی و سەربازی وەردەگرن.