بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی ژنێك و دەستبەسەركردنی منداڵەكانی تۆمەتبارێك دەستگیر كرا

مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیر كرد، كە ئەشكەنجەی ژنێكی دابوو و لەگەڵ منداڵەكانی دەستبەسەری كردبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو عەقڵیەتەی خۆی بە باڵادەستترین دەزانێت و هەمیشە ژنی بچوکتر لە خۆی بینیووە، تا ئێستاش بوونی هەیە و پیاوان بە هەموو شێوەیەک ئەشکەنجەی ژنان و منداڵان دەدەن، لە نوێترین ڕووداودا پیاوێک ژنێک و منداڵەکانی ئەشکەنجە داوە و دەستبەسەری کردوون.

 

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی وێنەی تۆمەتبارێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی لەبارەی تۆمەتبارێكەوە كە ئەشكەنجەی ژنێكی داوەو لەگەڵ سێ‌ منداڵەكەی لەماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەری كردوون، بڕیاری دادوەر وەرگیراو سەرەنجام توانرا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و ئەو ژن و سێ‌ منداڵەش ئازاد کران.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەئێستادا تۆمەتبار "س،ر،س" لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٢ بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٥/٣١ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.