چۆن کاریگەری بەرزی پلەی گەرما کەم دەکەیتەوە لەسەر ئازاری جومگەکانت؟

لەگەڵ ئەوەی زانست لێکدانەوەی تەواوی نیە بۆ ھۆکاری زیادبونی ھەندێک جۆر لە ئازاری درێژخایەن بەھۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و شێداریەوە، بەڵام ناشتواندرێت ئەم ڕاستییە فەرامۆشبکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هەڤین کەمال شا، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج دەربارەی کەمکردنەوەی کاریگەری بەرزی پلەی گەرما لەسەر ئازاری جومگەکان نووسیوویەتی: زۆر لەو کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان لەگەڵدایە باس لەوەدەکەن کە گۆڕانی وەرزەکان کاریگەری ھەیە لەسەر ئازارەکانیان و بەگۆڕانی پلەی گەرما و پاڵەپەستۆی ھەوا و شێداری لە ھەوادا لەوانەیە ئازارەکانیان زیاد بکات.

 

هەندێک ڕێگا پێویستە پەیڕەوبکرێت ئەگەر ئازارەکان بە گەرمی زیادبکەن:

 

مانەوە لە ماڵەوە: ئەگەر شێ و بەرزی پلەی گەرما ئازارەکانت زیاد دەکەن باشترە لەماڵەوە بمێنیتەوە لە بەردەم فێنککەرەوەی گونجاودا، مانەوە لە دەرەوە لەپلەی گەرمای بەرزدا ئازاری جومگەکان زیاد دەکات و کاریگەری ئازارشکێنەکانیش کەمدەکاتەوە.

 

ئاو خواردنەوە: زیادکردنەوەی ئاوخواردنەوەو دوورکەوتنەوە لە وشکبوونەوە و گۆڕانی خوێ و ئەلکترۆلایتەکان، کاریگەرییەکی باشی ھەیە بۆ ڕێگری لەو جۆرە ئازارانەی کەبەھۆی وشکبوونەوە توشمان دەبێت.

 

پۆشینی جلوبەرگی فراوان: لەبەرکردنی جلوبەرگی کەتان و پەموو و ھەروەھا فراوان یارمەتی ساردکردنەوەی جەستە دەدەن و دەھێڵن خانەکانی لەش ھەناسەبدەن، بەڵام جلوبەرگی نایلۆن و تەسک ڕێگری لە بەھەڵمبوونی ئارەقەی لەش دەکەن و پلەی گەرمای لەش بەرز دەکەنەوە.

 

مەلەکردن: مەلەکردن ڕێگایەکی زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە و ماسولکە و لەگەڵیشیدا خۆ فێنککردنەوە لە ھاویندا، ئەنجامدانی ڕۆشتن و سووکە وەرزش لەناو ئاودا زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی ئازاری جومگە و ھەوکردنی درێژخایەنی جومگەکانیان ھەیە.

 

وەرزش کردن: بەشێوەیەکی ڕێک و ڕۆژانە ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار، بەڵام باشترە لە ڕۆژی گەرمای زۆردا لە ژوورەوە وەرزشەکانت ئەنجامبدەیت.

 

خەوتنی تەندروست: یەکێکە لەو ڕێگا چارانەی بەکاردێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار، ئەویش بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە شەودا.

 

دوور بکەوە لەو خواردنانەی کە ئازارت بۆ زیاد دەکات، وەکو خواردنی سوێر، شەکر، کافایین، ئەو خواردنانەی مەوادی حافزەی تیادایە، خواردنی شیرەمەنیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لە هاویندا کاریگەری خراپی هەیە چونکە جۆرە ماددەیەک دروست دەکات لە جومگەکاندا کە بە شێداری و گەرمی هەوکردن زیاد دەکات.