٤٩ ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێدا تێپەڕ دەبێت

٤٩ ساڵ بەسەر بۆردومان کردنی قەلادزێ تێپەڕ دەبێت، کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی و خەڵکی ناوچەکە شەهیدبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٩٧٤، ژمارەیەک فڕۆکەی حکومەتی بەعس بەچەکی قەدەغەکراو بۆردومانی قەڵادزێیان کرد و ١٦٣ کەس شەهیدبوون و زیاتر لە ٣٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون، لە ناو قوربانییەکاندا، منداڵ و گەنج و پیر و خەڵکی مەدەنی ھەبوون، هاوکات لەناو شەهیدەکاندا خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی هەبوون، چونکە ئەوکات لە ترسی ڕژێمی بەعس زانکۆکە گواسترابووەوە بۆ قەڵادزێ.

 

دواى ٨ ساڵ و لە ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢ خەڵکی قەڵادزێ یادى ئەو کارەساتەیان کردەوە، کە بە ڕۆژی راپەڕینی قەڵادزێ ناوی دەرکرد، بەڵام ڕژێمی بەعس هەرزوو کەوتە تەقەکردن بەناو خۆپێشاندەران و لە ئەنجامدا  دوو لە خۆپیشاندەران شەهیدبوون، بەناوەکانى "دایکە ئامینە و مامۆستا سنەوبەر" و پێنج هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، دواتر ڕژێم دەستیکرد بە زیندانیکردنی نزیکەى ٦٠ کەس لە هاوڵاتی و خوێندکارانی خۆپیشاندەر،  بەڵام لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا ئازادکران و بەناچاریی و لەژێر فشاردا حکومەت ملکەچی بەشێک لەداواکانی خۆپیشاندەران بوو.

 

٤٩ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێت و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگەرانی خۆی بەم شیوەیە دەربڕیووە: "یەکێک لە ئەدگار و خەسڵەتەکانی ڕژێمە تۆتالیتارو فاشیستەکان کوشتاری دەستە جەمعیە، ڕژێمی بەعس لە یەکەم ڕۆژی کودەتا شومەکەی ٨ی شوبات و دواتریش ١٧ی تەمموزی ١٩٦٨ بۆ جیهانیان سەلماند، کە بە کردەوە پێشەنگی بێڕکابەری قەسابخانە سازکردنن و بۆردمانی هستریانەی بەرەبەیانی ٢٤ی ٤ی ١٩٧٤ ئەڵقەیەکی شانۆی پڕ کارەساتی حکومڕانی بەعس بوو، کە تیایدا شارێک بە هەموو جوانیەکانیەوە بە تێکڕای مەعالیم و شوناسەکەیەوە "زانکۆ" بە سەراپای دانیشتوانەکەیەوە کرایە ئامانج و سەدان قوربانی لێکەوتەوە، ئەمساڵ لە سەروبەندێکدا یادی ٢٤ی ٤ ساڵڕۆژی شەهیدکردنی شار و ساڵ ڕۆژی خرۆشانی شار دەکەینەوە، وێڕای ئەوەی ٢٠ ساڵی ڕەبەق بەسەر ڕووخانی ڕژێمی فاشی بەعسدا تێپەڕ دەبێت، کەچی شوێنەواری گڵاو و چڕنوکی داگیرکەر بەسەر جەستەی شاردا ئاسەواری سیاسەتی نەگریسی ڕاگواستن و سوتماکی بەعس، هێشتا وەک مۆتەکە بەسەر سەری شارەوە ماوەتەوە، خەونەکانی شار هێشتا هەر سەرابن".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، وێڕای ڕێز و نەوازش بۆ گیانی شەهیدانی نەمری بۆردومانەکە و شەهیدانی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ٢٤ی ٤ی ١٩٨٢، ماندوو نەبوون لەهەموو ئەو كه‌سانه‌ دەکەین کە کارێکیان کرد، لانیکەم داخوازیەکی دێرینی خەڵکی سنورەکەیان لە کردنەوەی هاتوچۆی دەروازەی سنوری کێلێ بێتەدی، داواشیان لێدەکەین لە جێبەجێ کردنی هەموو داخوازیەکانی تردا لە تەواوکردنی هەنگاوەکانی تری بەفەرمی ناساندنی مەرزەکە و بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی سنورەکەماندا دەستبارمان لەگەڵدا بگرن.