درێژەی ڕاپەڕین؛ هەرچەند زیندانی هەبێت تا کۆتایی دەمێنینەوە

شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، بە شێوەی جۆراوجۆر تا ئێستا بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی ژن و پیاوی ئازادیخواز لە دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بەردەوامە و شەوی ڕابردووش خەڵکی ئازادیخواز لە شارە جیاجیاکان جەختیان لە درێژەی ئەم شۆڕشە تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی خۆیان کردەوە .

 

بە پێی وێنە بڵاوکراوەکان، لە شارەکانی کرمان، تاران، ساری، گیلان، دێهلران، کەرەج و چەند شارێکی دیکە، ئازادیخوازان لە شەقامەکاندا ئامادەبوون و دروشمیان دەوتەوە، لافیتەکانی ڕژێم و خامنەیی، خومەینی، قاسم سولەیمانی و بنکەکانی بەسیجیان سووتاند.

 

بە دابەشکردنی نامیلکە و داوای ناڕەزایەتی بەربڵاو، کۆماری ئیسلامییان ئاگادار کردەوە کە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم و گەیشتن بە داواکارییەکانیان گۆڕەپانی شۆڕش بەجێناهێڵن.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت،  ژمارەیەک ژنیش بە جلوبەرگی دڵخوازی خۆیانەوە لە شەقامەکاندا دەرکەوتن و وەڵامێکی تیژیان بە قسەی هەڕەشەئامێزی عەلی خامنەیی و ئەحمەدرەزا ڕەدان دایەوە.