لە ئەمریکا دژی قەدەغەی لەباربردن خۆپیشان کرا
ژمارەیەک لە ژنان بەدەم وتنەوەی دروشمەوە دژی قەدەغەکردنی لەباربردن لە ڕێگەی حەبی میفیریستۆن، ڕێپێوانیان بۆ بەردەم دادگای باڵای ئەمریکا کرد.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی هەینی، دادگای تەکساس بڕیاریدا حەبی میفیریستۆن بۆ لەباربردنی منداڵ قەدەغە بکات، دادگای باڵای ئەمریکا دەستبەجێ بڕیارەکەی سڕ کرد و ڕایگەیاند، پێویستی بە پێداچوونەوەی زانستییە، بەو مەبەستە داوای لە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کرد، پشکنینی تەواو بۆ حەبەکە بکەن و لە تەندروستبوونی دڵنیایان بکەنەوە، لە وەڵامدا ئاماژە بەوەکرام بەکارهێنانی حەبەکە تا هەفتەی دەیەمی دووگیانی تەندروستە و لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ژنەوە لە ئەمریکا بۆ لەباربردنی منداڵ بەکارهاتووە.
گلۆریا ئاڵرێد، دادوەری پلە باڵای ئەمریکا وتی: هەڵسەنگاندنی زانستیمان دەوێت بۆ ڕێگریکردن لە دەرمانەکە و نامانەوێت دادوەریکردن لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجیی ئاینی و بیروباوەڕی تاکە کەسی بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای زانست بێت، ناشمانەوێت دادگاکان دەستگەیشتنی ژنان بە دەرمانەکە سنووردار بکەن، چونکە ئەوە مەترسی دەخاتە سەر ژیان و تەندروستیی ملیۆنان کەس.
دوای بڕیارەکەی دادگای تەکساس خۆپیشاندانێکی فراوان لە لایەن ژنانەوە لە واشنتۆن ئەنجامدرا و لاورا مایەرز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلانی دایک و باوکی واشنتۆن، وتاری بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ئامادەبووی خۆپیشاندانەکە دا، وتی: ئەگەر گومانت هەیە دەربارەی ئەوەی بۆچی لێرەیت، تۆ لێرەیت بەهۆی ئەوانەوە، ئێمە ڕێگە نادەین توندڕەوان دەست بەسەر وڵاتەکەماندا بگرن، ڕێگە نادەین لە مافەکانمان بێبەشمان بکەن، ئەوان کەمینەن و ئێمە زۆرینەین.