٣١ ساڵە لە کۆچبەریدا نەورۆز پیرۆز دەکەن

لە کامپی پەنابەرانی مەخمور، هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئاداردا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لە ڕۆژی ژیانەوەی کوردستان، نەورۆز دەکەن.

 

 

بەرژین کارا

 

مەخمور- نەورۆز هاواری ئازادییە لە بەرەکانی بەرخۆداندا، ئاگری ژیانە، ئومێد و خەباتی مرۆڤە چەوساوەکانە، ئاگری نەورۆز وەک گوڵێک وایە بە کردنەوەی پەڕە جوانەکانی جیهان دەڕازێنێتەوە و ڕەوتی ژیان نیشان دەدات، نەورۆز ڕۆژێکی نوێیە، ڕۆژی قیامەت و ڕاپەڕینی گەلی ستەملێکراو لە دژی دەسەڵاتی دڕندەی زوحاکە، هەرچەندە زوحاکیش هەبێت، هەمیشە لە بەرامبەردا کاوەی هاوچەرخ هەیە کە مێشکی زوحاکە چەپەڵەکان و دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان بە چەکوشی بەرخۆدان لەناو دەبات.

 

ماوەی ٣١ ساڵە سەرەڕای کۆچبەری، دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخمور) کە لە ساڵی ١٩٩٢دا ملکەچی فشار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نەبوون و ڕێگای کۆچیان بۆ ئازادی هەڵبژارد، هەموو ساڵێک لە کامپی پەنابەرانی مەخمور لە ٢١ی ئاداردا ڕۆژی ژیانەوەی کوردستان، نەورۆز بەڕێوەدەچێت و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لە ڕۆژە نوێیەکەیان دەکەن و خۆیان بۆ نەورۆز ئامادە دەکەن، بە گشتی ژنان، منداڵ، گەنجان، پیرەکان هەموویان پێکەوە بە هەڵپەڕکێ و شانۆگەری و دەنگبێژی و کاروانی مەشخەڵ چرای نەورۆز گەش دەکەن.

 

"لە گەنجەوە تا پیر، نەورۆز بە ئاگری بەرخۆدان پیرۆز دەکەین"

جەمیلە کارا پیرۆزبایی نەورۆزی ئەمساڵی لە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و گەریلاکانی لوتکەی چیاکان کرد و وتی: کاتێک لە گوند بووین، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە جەژنی نەورۆزمان بەڕێوەبرد، هەریەکەمان ئاگرێکی بچووکمان دەکردەوە لەبەر دەرگاکەمان، بەهۆی دڕندەیی دەوڵەتی تورکەوە نەمانتوانی ئاهەنگ بگێڕین و دەوڵەتی تورک ئاستەنگی بۆ ئێمە دروست دەکرد کە نەورۆز نەگێڕین. ساڵێک پێش ئەوەی کۆچبەر بین، نەورۆزێکی گەشاوە و گەورەمان سازکرد، هەموو ژن و پیاو بە جلی کوردییەوە بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد و ئێمەش بەم شێوەیە نەورۆزمان گێڕا، دوای کۆچکردنمان بە ئاگری بەرخۆدان لە ئۆردوگای ئەتروش و نەینەوا بە خۆشییەکی زۆرەوە نەورۆزمان یاد کردەوە، ئاگرمان داگیرساند و هەریەکەمان خواردنی جیاوازمان لێنا و بەم شێوەیە پێشوازیمان لە نەورۆز کرد،  دوای ئەوەی گەیشتینە کامپی مەخمور، هەموو ساڵێک بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچینە شوێنی ڕۆشنبیری و هونەر بۆ ئەوەی بەم شێوەیە نەورۆز بگێڕین و تا ئێستاش بەردەوامین.

 

"عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد مافی ژیانی بە ژنان بەخشی"

لە کۆتایی قسەکانیدا جەمیلە کارا ئاماژەی بەوەدا کە لە سایەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، ژنان لە دژی دەسەڵاتی پیاوان وەستاونەتەوە و وتی: ئەگەر ئێستا بتوانین بە شێوەیەکی ئازاد نەورۆز بگێڕین، ئەوە لە سایەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلەوەیە، ئەو ماف و ئازادی بە ژنان بەخشی بە تایبەت ژنانی کورد، لە سایەی ئەوەوە دەتوانین وەک ژن بە ئازادی نەورۆز بگێڕین، پێشتر ژن تەنانەت نەیدەتوانی لە ماڵەکەی خۆی دەربچێت، بەڵام عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بە فەلسەفەی خۆی ئەم عەقڵیەتەی شکاند و ستەم و چەوساندنەوەی ژنانی لابرد، لە سایەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، نەک هەر ژنانی کورد سەریان بەرزکردووەتەوە، ژنان لە هەموو بەشەکانی جیهان سەریان بەرزکردۆتەوە و مافەکانیان بەدەستهێناوە.