لە دووەم ڕۆژیدا چالاکی مانگرتن بۆ شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بەردەوامە

لە درێژەی چالاکییەکان دژی گۆشەگیریی و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، دووەم ڕۆژی چالاکی مانگرتن لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، دایکێکیش دەڵێت: ڕێبەر ئۆجالان وەک ڕۆح بۆ گەلی کورد پێویستە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بە دەستپێشخەری کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان و ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و گەنجانی وڵاتپارێز لە دووەم ڕۆژدا چالاکی مانگرتن دژی گۆشەگیری و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە،

 

ژنانی ئازادیخوازیش دەڵێن ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاشتی و ئازادی ژن تێدەکۆشێت و بە هەموو شێوەیەک مافی ئازادکردنی هەیە.

 

"بە خوێنیش بێت خاوەنداری لە ڕێبەرەکەمان دەکەین"

فاتمە حامید، ئەندامی دایکانی لەچک سپی لە چالاکییە دوو ڕۆژییەکەدا بەشداری مانگرتنە و وتی: ئەو گۆشەگیرییانەی لەسەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوە دەچێت لەسەر تەواوی مرۆڤایەتیە و دژی گەلێکی دێرین و بەتایبەتی ژنانە، چونکە یەکەم ڕێبەر بووە لە مێژوودا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ژنی داوە و هەموو کوردێکی هۆشیار کردووە لە خەبات کردن، ڕاستی کوردی بە هەموو جیهان ناساند، بۆیە وەک ڕۆح بۆ گەلی کورد پێویستە.

 

فاتمە حامید وتیشی: من وەکو دایکێکی لەچک سپی ئازادی بە شایستەی ڕێبەرەکەمان دەزانم، ئەو پلانگێڕیەش شەرمەزار دەکەین، قبوڵی ناکەین چیتر ئەو ناهەقیە بەرامبەر بە ڕێبەر ئۆجالان بکرێت، ڕێبەری کورد ڕۆحی دایە بەر گەلی کورد و وتی ئیمە کوردین، بە ڕێبەرەکەمان دەڵێن ئێمە وەکو ژنان ئەگەر بە خوێنیش بێت دەستبەرداری تۆ نابین، چونکە ئێمە دەمانەوێت ڕێبەر ئۆجالان لە ناوماندا بێت و وڵاتێکی ئازادمان هەبێت، ئەوانەی بە خۆیان دەڵین مافی مرۆڤ دەپارێزین با بێن و ئەلف و بێ لە فکری ڕێبەر ئۆجالان فێرببن.