"ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی خراپدایە"

لە چوارچیوەی پێشێلکردنی یاسای ڕۆژنامەنووسی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت کۆنفرانسیکی ئەنجامدا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕۆتانا لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت-CDO کۆنفرانسێکی بە ناونیشانی "بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان" ئەنجامدا و تێیدا شرۆڤەی هەڕەشە و ئاستەنگیەکان، دەرفەت و چارەسەرییەکان کرا

 

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی قەڵەم و قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، وتاری لایەنی پەیوەندیدار خوێندرایەوە، پاشان لە پانێڵێکدا، تیشک خرایەسەر ئازادی ڕادەربڕین بە تایبەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان و گرتنەبەری ڕێکارەکانی چۆنیەتی کارکردن، هەروەها باس لەوە کرا کە نابێت ڕۆژنامەنووس زیندانی بکرێت لەسەر کارەکەی.

 

 د. پاڤێ جەمیل، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی کە لە پانێلەکەدا بەشداریکرد و ئاماژەی بەوەدا، ئازادی ڕادەربڕین بە مانای ئەوە نایەت لە هەموو کاتێکدا ڕای خۆت دەرببڕیت، بەڵکو ئازادیش سنوری هەیە، کاتێک بچینە ناو سنوری بەرامبەرەوە ئەوە ئازادی پێشێلدەکەین، بۆیە زۆربەی میدیا کوردیەکان ئاڵۆزیان دروستکردووە و دەبێت ڕۆژنامەنووس سەرەتا فێری ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی ببێت.

 

"یاساکان بەکاردەهێنرێن بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان"

بەسمە محەمەد، سەرۆکی ئەکادیمی ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق لە لێدوانێکیدا ڕوونی کردەوە، ئەنجامدانی کۆنفرانسی لەم شێوەیە گرنگە بە تایبەتی لەسەر بابەتی ئازادی ڕادەربڕین، چونکە یاساکان و ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ڕەخنەی لی گیراوە، کە دەبێت بە وردی کاری لەسەر بکرێت، وتیشی: هەندێک یاسا بەکارهێنراون بۆ ئەوەی سزای ڕۆژنامەنووسان بدرێت، بە بێ ئەوەی هۆکاری سزادانەی بزانرێت، ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لە ڕەوشێکی خراپدایە و چەندین ڕۆژنامەنووس سزا دەدرێن، تەنها لەبەر کردنی پۆستێک لە سۆشیال میدیا، ئەمانە هەمووی پەیوەندی بە بنەماکانی مافی مرۆڤەوە هەیە و حکومەت دەبێت یاساکان هەموار بکاتەوە.