"كوردستان یەک پارچەیە و ئەو سنورانەی جیایدەکاتەوە دەستکردە"
لەگەڵ ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە لە ڕووی داراییەوە لە چینێکی مامناوەندایە، بەڵام لە سێیەمین ڕۆژی کەمپینی هاوخامتانیندا زۆرترین ڕێژەی بەشداریکردن هەبووە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- پاش بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا، زیانێکی زۆر بە کوردستان کەوت و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، بە هەزاران کەس بریندارن و زیاتر لە ٢٣ ملیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵ و زیانیان بەرکەوتووە.
لە باشووری کوردستان بۆ هاوخەمی و پشتیوانی کوردان، کەمپینی هاوکاری دەستیپێکرد و گەل بە ناردنی هاوکاری دارایی و پێداویستی ڕۆژانە هاوپشتی خۆیان بۆ کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە، کەمپینی "هاوخەمتانین" لە ڕانیە، سلێمانی و هەڵەبجە بە کۆکردنەوەی کەلوپەلەکان ئەرکی گەیاندنی هاوکارییەکانی گرتووەتە ئەستۆ، ئەگەرچی دۆخی ئابووری باشووری کوردستان لە ئاستێکی مامناوەند تا لاوازدایە، بەڵام هەزاران کەس ڕوو لە کەمپینەکان دەکەن و هاوکارییەکان دەگەیەنن.
شەهێن عومەر، ماوەی سێ ڕۆژە لە کەمپینی "هاوخەمتانین" لە شاری هەڵەبجە بەشدارە و دەربارەی هاوکاری هاوڵاتیان وتی: لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بەدەمەوە هاتنێکی باش هەبووە، لەگەڵ ئەوەی خەڵک لە چینێکی مامناوەندیدان، بەڵام داوا دەکەین بەشداربن، بۆئەوەی بەسەر کورددا هاتووە لەبیر نەکرێت، دەبێت هەر خۆمان ببین بە پشت بۆ یەکتر و هاوکارییەکان بەردەوام بێت.
شەهێن عومەر باسی لەو چیرۆکانە کرد کە بینیویەتی لە کاتی کەمپینەکەدا و وتی: دوێنێ ژنێک هات و پرسی کەمپینەکە تاکەی بەردەوام دەبێت، بۆئەوەی سبەینێ نان دەکەم و هەقی ماندووبوونەکەم ببەخشم، ئەمڕۆ پارەکەم بە سەوزە و میوە داوە بۆ منداڵەکانم، سبەینێ پاشەکەوتی دەکەم بۆ کوردان لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان.
"کوردستان یەک پارچەیە و سنورەکان دەستکردن"
شاد ڕزگار بەشداربوویەکی کەمپینەکەیە و وتی: ئێمە وەکو سێ ڕیکخراو بە دروشمی "کوردستان یەک پارچەیە و ئەو سنورانەی هەن دەستکردن" هاتووین بەشداری بکەین لە هەڵەبجەدا و هاوکار دەبین تاوەکو کەمپینەکەمان سەرکەوتوو بێت، لەبەرئەوەی هەڵەبجە زۆر کارەساتی بەسەرداهاتووە، بۆیە لە کێشەکان تێدەگەین و پێویستە هاوکاری بۆ هاونیشتمانمان کۆبکەینەوە.
شنیا هۆشیار بەشدارێکی دیکەی کەمپینەکەیە و وتی: ئێمەی هەڵەبجەیی هەست بە باکوور و ڕۆژئاوا دەکەین، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هات، بەسەر ئەوانیشدا هاتووە، بۆیە پێویستە ئەم گیانی هاوکاریکردنە بپارێزین.