فاتما ئیزۆل لە هەماهەنگی قەیرانەوە: با کەلوپەلی بەکارهاتوو نەنێردرێن

فاتما ئیزۆل، کە بۆ پشتیوانی هاتبوونە ئەلبیستان ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ خەڵکدا هاودەنگن و داوای لەو کەسانە کرد کە هاوکاری دەکەن، ئەو کەلوپەلانەی بەکارهاتوون نەینێرن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

گورگوم- دوای بوومەلەرزە گەورەکە، ئەو شارانەی کە زۆرێک لە بیناکانیان لەناوچوون هێشتا کاری لابردنی داروپەردووەکان بەردەوامە و خەڵکیش لە زۆر پێداویستی بێبەشن، لەو شارانەی کە ئاو و کارەبایان تێدا نییە، هەزاران خۆبەخش ڕوویان ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان کردووە و پشتگیری ئەو کەسانە دەکەن کە بێ ماڵ و حاڵ بوون، هەروەها دەچنە ئەو شوێنانەی کە ئافاد تێیدا کەمە.

 

"ئێمە یارمەتی دابەش دەکەین"

کۆمەڵەی گەنجانی هەدەپە، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد- تەژەئا، سەندیکای کرێکارانی گشتی و خەباتکارانی ژنۆلۆژی لە شاری ئەلبیستان شتومەک بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکەن، فاتما ئیزۆل خۆبەخشێکە و ڕایگەیاند، کە بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی خەڵک هاتوونەتە ئەلبیستان و وتی: ئێستا دەتوانین بڵێین نیوەی ئەلبیستان تێکچووە، ئێمە دەبینین کە یارمەتی دەوڵەت زۆر کەمە، کاری گەڕان ئەنجام نادرێت، ئێمە وەک گروپێکی هەماهەنگی کەلوپەل بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەین و هەوڵدەدەین بگەینە هەموو گوندەکان و گرنگی بەو کەسانە بدەین کە کێشەیان هەیە.

 

"کۆمسیۆنی گوند و گەڕەکمان دامەزراندووە"

فاتما ئیزۆل، ئاماژەی بەوەدا کە ئافاد هاوکاری ناوچەکە ناکات و خەڵکەکە کاردانەوەیان هەیە وتی: ئێستا لە ئەلبیستان ئافاد هەیە، بەڵام هیچ هاوکارییەکی باش نییە، خەڵک هەم لەبەرئەوەی هاوکارییەکان درەنگ گەیشتوون و هەم لەبەرئەوەی کاری گەڕان باش نەکراوە کاردانەوەیان هەیە، ئێمه ئێستا لەگەڵ خەڵک پشتگیری دەکەین، لە سەنتەرەکانی تر، ئێمە کۆگای یارمەتیمان دروستکرد و کەرەستەکان دابەش دەکەین لەو کۆگایانەدا بەپێی پێویستیەکان، ئێمە کۆمیسۆنی گەڕەک و گوندمان دامەزراندووە و بەپێی ئەو گرفت و پێداویستیانەی لە گوندەکاندا هەیە ئۆتۆمبێل دەنێرین و زۆپا و خۆراک و بەتانی دابەش دەکەین".

 

پێویستمان بۆ خۆراک هەیە

فاتما ئیزۆل، ئاماژەی بەوەدا، کە لە جیاکردنەوەی جلوبەرگی کۆن و جلەکانی تر کێشەیان هەیە و وتی: ئێستا پێویستیمان بە خواردنە بۆ نانی بەیانی و جلی ژێرەوەی پیاوان و ژنانە.