زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی ئازاد کرا

بەبێ داواکاری و پیشکەشکردنی لێبوردن، ئیوارەی دوێنێ هەینی زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە زیندان ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

زارا محەمەدی، كە لە رۆژی ٨ی كانونی دووەمی ٢٠٢١، بەهۆی ئەوەی خوێندکارەکانی فێری زمان و نووسینی کوردی کردبوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ دادگای شاری سنە سزای زیندانی بۆ دەركرد و خرایە زیندان.

 

دوای بەسەربردنی ماوەیەکی کەم لە سزای زیندانییەکەی، ئێوارەی دوێنێ ١٠ی شوبات، بە بێ داواكاری خۆی ئازادكرا.

 

زارا محەمەدی دوای ئازادبوونی لە گرتە ڤێدیۆیەکدا کە لە ئینستاگرامی خۆی بڵاویکردووەتەوە، وتی: "تا چرای ئێمە نەسوتێ، ئێوە هەرگیز ڕوناکایی نابینن بە چاوی خۆتان، کوردستانیانی خۆڕاگر بەرخۆدانتان باش، ئەمڕۆ هەینی درەنگانی ئیوارە بەبێ ئاگاداری خۆم و بنەماڵەکەم و هاوڕێیان و ئەندامانی ئەنجومەنی نەوژین و پارێزەکەم، بە شێوازێکی بەپەلە لە بەندیخانە دەرکرام".

 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەبێ ئەوەی کە داخوازی لێبوردن لەلایەن خۆیەوە یان پارێزەرەکەی پێشکەش کرابێت ئازادکراوە، وتیشی: "پیشتر لە ڕێگەی پارێزەرەکەمەوە بە دەزگای دادوەریم ڕاگەیاندبوو کە بەهیچ شێوازێک داخوازی لێبوردن پێشکەش ناکەم، ئەم داخوازییەشم قبوڵ نییە، بەڵام ئەمڕۆ ئێوارە بەبی ئاگاداری و بە شێوازێکی بەپەلە لە بەندیخانە دەرکرام، پێشتر بڕیاری دەستبەسەرکردن و سزادانم بە شێوازێکی بە تەواوەتی ناڕەوا و بەبێ بڕیاری خۆم بوو، ئەمڕۆش دەرکرانم لە بەندیخانە بەهیچ شێوازێک بەدەستی خۆم نەبووە، چونکە من بیر و باوەڕم بە ڕێگاکەی خۆم هەیە، تا کۆتایی ژیانم درێژەپێدەری بیر و ڕاکەمم".