لە بۆتانەوە هاوکاری: گەلەکەمان بەتەنها نین

لە بۆتانەوە بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان هاوکاری دەستیپێکرد، نوران ئیمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بەرامبەر ڕێگرییەکانی حکومەت لە بۆتان کاردانەوەی هەبوو و وتی: دەیان هەزار کەس هاوکارن و ئێمە بە هیچ شێوەیەک گەلەکەمان بەتەنیا جێناهێڵین.

شرناخ

 

لە ناوچەی بازارجیخ-ی مەڕەش دوو بوومەلەرزەی جیاواز بە گوڕی ٧.٧ و لە ناوچەی ئەلبیستان و بە گوڕی ٧.٦ ڕوویدا، هاوکات دوو بوومەلەرزە لە دیلۆک بە ٦.٤ و ٦.٥ پلە ڕوویاندا، بوونە هۆی زیانگەیاندن بە چەندین شار و ڕووخانی باڵەخانەکان، بڕیارەکەی تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئاکەپە بۆ ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی لە ١٠ پارێزگا کە بوومەلەرزە تێیدا ڕوویداوە، لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە و خەڵک کاردانەوەی جدی بەرامبەر بە حکومەت هەبوو.

 

لێدوان ئاستەنگکراوە

ڕێکخراوی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە سەر بە پارێزگای شرناخ مێزێکی هەماهەنگی قەیرانی بۆ پشتیوانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دانا، لایەنە بەشداربووەکان بڕیاربوو ڕاگەیەندراوێک بڵاوبکەنەوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر بنەمای "قەدەغەی پارێزگار" ئاستەنگ کرا، بینای هەدەپەش لە ناوچەکە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە، سەرەڕای گەمارۆکەش سەرەڕای ڕێگرییەکان لەبەردەم بینای ناوچەکە بەیاننامەیەک درا.

 

گروپ گروپ هاوکاری دەکەن

نوران ئیمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە، ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەکی گەورە کاریگەری لەسەر چەندین شاری ئەو وڵاتە هەبووە و خەڵکی بۆتانیش دەستیان کردووە بە هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە، خەڵک ڕاستەوخۆ یارمەتی خۆیان پێشکەش دەکەن و ترێلەکان پڕ دەکەن، لە پەنیرەوە هەتا بالیف و تەواوی کەلوپەلە سەرەکییەکان هەمووان هاوکاری دەهێنن.

 

"خەڵک دەیانەوێت بچنە ناوچە خراپبووەکان و کاربکەن"

نوران ئیمیر، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، خەڵکی بۆتان زۆر ئازاریان کێشاوە، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا تووشی کارەساتی گەورە بوون بەهۆی ئەو پێکدادانانەوە لە ماڵەکانیان ئاوارەبوون و کەسوکاریان لەدەستچووە، بۆیە ئێستا هەمان ئەو خەڵکە بە باشی لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە و ئازارەکانیان تێدەگەن و بۆیە بەشێوەیەکی سروشتی هاوکارن.

 

"باجی بوومەلەرزەکە لە کوێ خەرج کرا؟"

نوران ئەمیر وتیشی: هەموو نوێنەرانی هەدەپە لە مەیدانەکاندا بوون و لە هەموو شارەکاندا هەڵمەت بەڕێوەدەچێت، دەمەوێت سەرنج بۆ خاڵێکی تر ڕابکێشم بۆ نمونە، ئەگەر ئەم بوومەلەرزەیە ڕووی نەدابا، باجی بوومەلەرزە بۆ کوێی لێبووردنی تەلارسازی بۆ کێ دەبوو، بۆ لایەنگرەکان دەبوو؟، حکومەت هەموو ڕۆژێک بە دروستکردنی شەقام ستایشی خۆی دەکرد، بەڵام هەموومان بینیمان ڕێگاکان چۆن بوون، ئەو ڕێگایانەی کە دروستکراون هەموو ڕاستیەکانی دەسەڵاتیان ئاشکرا کرد، سەرەڕای ئەوەش پارە لە خەڵک کۆدەکرێتەوە و ئەمەش حاڵەتێکی زۆر ترسناکە لەلای دەسەڵاتەوە، پێویستە هەموو پێداویستیەکانی خەڵک دابین بکرێت، خەڵک لە دۆخێکی خراپدان، باجی بوومەلەرزە بۆ کوێ خەرج کراوە؟ دەبێت لێپرسینەوەی لێبکرێت.

 

"ئێمە پێکەوە ئازارەکە ناهێڵێن"

نوران ئیمیر وتی: ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو وشە هەڕەشە ئامێزانە گەلەکەمان بەتەنیا جێناهێڵین، دەیان هەزار کەس هاوکارن، خەڵکەکەمان بەتەنیا نین ئێمە لە هیچ بارودۆخێکدا گەلەکەمان بەتەنیا جێناهێڵین، ئێمە ئەم هەڵمەتە بەڕێوەدەبەین، ئێمە پێکەوە ئەو ئازارانە ساڕێژ دەکەینەوە، ڕێگریکردن لە یارمەتییەکان بانگهێشتێکە بۆ مردن.

 

لە کۆتایدا وتی: هەر چرکەیەک کە تێدەپەڕێت بۆ ئێمە زۆر گرنگە، هەزاران کەس لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندان، ئەگەر ئەم بەربەستانە بەردەوام بن، ڕێژەی مردن ١٠٠ هەزار کەس تێدەپەڕێنێت، ئێمە نیگەرانییەکی وامان هەیە پێویستە لە هەموو لایەکەوە هاوکاری فراوان بکرێت، ئێمە زۆر غەمبارین کە هیچ وشەیەک ناتوانێت گوزارشت لە ئازار و ئێشی ئێمە بکات، سەرەڕای ئەمانە تاکە ئامانجمان ئەوەیە کە بگەینە خەڵک و هاوکاری بکەین، "یەکگرتن ژیان دەدات" بەو هەستانە لە سەرانسەری شرناخ یارمەتی دەدرێت.