١٧ەمین ساڵیادی شەهید ڤیان جاف لە سلێمانی بەرز ڕاگیرا

لە شاری سلێمانی بە مەراسیمێکی جەماوەری ١٧ەمین ساڵیادی شەهید ڤیان جاف بەرز ڕاگیرا و جەخت لەسەر پەیامی ڤیان جاف بۆ یەکگرتنی ژنان دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆت و بەندی کۆمەڵگە کرایەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک مەراسیمێک بۆ بەرز ڕاگرتنی ١٧ەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید ڤیان جاف ڕێکخرا.

 

مەراسیمەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و لەلایەن کەسوکاری شەهیدانەوە مۆم داگیرسێنرا، دواتر سینەفزیۆنێک لەسەر ژیانی لەیلا والی حسێن ناسراو، بە ڤیان جاف پێشکەشکرا و باس لە خەبات و تێکۆشانی شۆڕشگێڕی ڤیان کرا.

 

بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕژاک بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەو چالاکییە گیانبازییە کرد کە شەهید ڤیان لەپێناو ئازادیدا ئەنجامیدا، "شەهید ڤیان هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ نەهێشتنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، بۆیە لە باشووری کوردستان شۆڕشێکی پێکهێنا کە زۆرترین خزمەتی بە تێکۆشانی ئازادی ژن کرد".

 

"ڤیان جاف داوای دەکرد ژنان یەکبگرن"

تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤتگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ڤیان جاف هەمیشە بەشداری چالاکی و تێکۆشانەکانی کردووە و ڕێگەی ڕێبەر ئۆجالانی گرتبووەبەر بۆ ئەوەی ئازادی بۆ ژن بەرقەرار بکات و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بگۆڕێت، بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە ژنانی کورد یەکبگرن و یەکڕیزبن دژی هەموو توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەیەک.

 

چرۆ شوانی، چالاکوان یەکێک لە نامەکانی شەهید ڤیانی خوێندەوە، تێیدا هاتووە، "مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە گەلی کورد گەلێکی شۆڕشگێڕ و خۆبەختکارە، سەرەڕای نەهامەتییەکانی کە بەسەریهاتووە بوونی خۆی پاراستووە، دەوڵەتانی زلهێزیش هەمیشە هەوڵیان داوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان کورد بەکاربهێنن، وا دیارە ساڵی ٢٠٠٦ بە گەرمی تێپەڕ دەبێت و دوژمن شەڕی هەمەلایەنەی ڕاگەیاندووە، ئێمەش دەبێت ئەم ساڵە بکەینە ساڵی دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەمان."

 

مەراسیمەکە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی پێهات و چالاکوانان و ئازادیخوازان، کە بەشداری مەراسیمەکەیان کردبوو، چوونە سەرگۆڕی ڤیان جاف و تاجەگوڵینەیان دانا.

 

لەیلا والی حسێن، ناسراو بە "ڤیان جاف" لە شەوی ١/٢٢ی شوباری ساڵی ٢٠٠٦ لە چالاکییەکی گیانبازیدا لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەی و شەرمەزارکردنی کۆمپلۆی نێودەوڵەتی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە دروشمی "سەرلەنوێ واتادان بە وتەکانمان" لە چیای حەفتانین شەهید بوو.