ژنانی ئێزدی: تۆڵەی شەهیدان بە تێکۆشان دەکەینەوە

دژی هەردوو کۆمەڵکوژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ و ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ی پاریس  ژنانی شەنگال جەختیانکردەوە، تا کۆتایی ڕێچکەی سارا و ئەڤین و هەڤاڵەکانیان دەگرنەبەر و تۆڵەیان بە تێکۆشان دەکەنەوە.

شەنگال

 

ڕۆژی ٢ی کانوونی دووەم، مەنال مێردین شۆڕشگێڕی تەمەن ٤٣ ساڵ لەلایەن میتی تورک و هاوکارەکەی پەدەکەوە لە شارۆچکەی تل عوزێر لە شەنگال بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆرکرا، ئەنجومەنی گەلی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕێپێوانێکیان دژی ئەو هێرشە دڕندانە ڕێکخست.

 

ژنانی شەنگال لە ڕێپێوانەکەدا سەبارەت بەئامانجگرتنی مەنال مێردین و دوو کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئامانجی دوژمن لەناوبردنی ڕێبەرانی شۆڕشە و وتیان هەتا کۆتایی خاوەنی شەهیدان دەبن و تۆڵەیان دەکەنەوە.

 

"ئەوان لە پێشەنگەکانمان دەترسن"

دایە شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە سەرەتای قسەکانیدا هەموو شەهیدانی تەڤگەری ئازادیی و فەرمانەکەی بەبیرهێنایەوە و وتی: "سەرەتا سەری ڕێز بۆ شەهیدانی پاریس و هەڤاڵ مەنال مێردی دادەنەوێنین و سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان دەکەین، لە یادی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا ئەم چوار هەڤاڵەمان کرانە ئامانج، هەموومان دەزانین کە لە هێز و پێشەنگایەتی ئەو هەڤاڵانە دەترسن، بۆیە کرانە ئامانج".

 

"دەوڵەتی تورک بەتەنیا ناتوانێت هێرش لە وڵاتەکەمان ئەنجام بدات"

شەمێ ڕەمۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دەوڵەتی تورک خۆی ناتوانێت هەڤاڵانمان بکوژێت، بەڵام خۆفرۆشەکان پەدەکە بەکاردێنن بۆ ئەوەی هەڤاڵانمان بکەنە ئامانج، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی ئەوانەی دەستیان لە خوێنی شەهیدانمان هەیە، وەک داعش و چەتە دەبینین و تۆڵەی ئەو هەڤاڵانە لەسەر زەوی جێناهێڵین".

 

هەروەها ڕیحان سالین، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، دەربارەی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و هێرشەکەی میت-ی تورک و پەدەکە بۆ سەر مەنال مێردینی شۆڕشگێڕ وتی: "ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین بۆ سەر هەڤاڵانمان لە هەر شوێنێک بێت تۆڵەی شەهیدەکانمان لەسەر زەوی جێناهێڵێن و لەسەر شوێنپێی ئەوان دەبین".

 

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، لە فولکەی ١٤، بەیاننامەی هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی شارۆچکەی تل عوزێر و ئەندامانی کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەکرا کە وەک خەڵکی شەنگال لە پاریسەوە تا شەنگال لە دژی هەموو هێرشە ناڕەواکان تێدەکۆشن و وڵاتەکەیان لە خوێنخۆری و خۆفرۆشان دەپارێزن.