"ژن، ژیان، ئازادی" کورتە فیلمێکی کاریگەری هێمن باجەلانییە

هێمن باجەلانی، دەرهێنەری گەنجی کامیارانی بە ئیلهامی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکەی "ژن، ژیان، ئازادی"، کورتە فیلمێکی سێ خولەکی بە ناوی "ژن ژیان ئازادی" بەرهەمهێناوە و پێشکەشی ژینا ئەمینی و ئازادیخوازانی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە ١ی کانوونی دووەم، هێمن باجەلانی، دەرهێنەری گەنجی کورد لە کامیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی تایبەتی خۆیدا کورتە فیلمێکی بەناوی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکردەوە، تێیدا ماهمونیر بەیتاری و سپهر محەمەدی ڕۆڵ دەگێڕن، ئەم کورتە فیلمەم کە سێ خولەک و ٢٣ چرکەیە، ئیلهامی لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە وەرگرتوە.

 

چیرۆکی کورتە فیلمەکە، ژنێکە کە لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا شەڕ دەکات، ئەو ژنە بەهۆی دەرمانە کیمیاییەکانەوە هەموو مووەکانی جەستەی لەدەستداوە، هەموو دەرمانی شێرپەنجەکەی کۆ دەکاتەوە و دەیفرۆشێت بە دەرمانخانەیەک، بە پارەکەی قژێکی دەستکرد دەکڕێت، تا بیکاتە سەری و لەبەردەم ئاوێنەدا کورتی بکاتەوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە یاسای حیجابی زۆرەملێ و پشتیوانی خۆپیشاندانەکان.