تاڵیبان چوونە زانکۆی لە ژنان قەدەغە کرد

تاڵیبان نیگەرانییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و ژنانی ئەفغانستان پشتگوێ دەخات و لە نوێترین بڕیاردا چوونە زانکۆ لە ژنان قەدەغە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٠ی کانونی یەکەم، وەزیری خوێندنی باڵای ئەفغانستان نامەیەکی بۆ تەواوی زانکۆ و پەیمانگە حکومی و ناحکومییەکانی ئەو وڵاتە ناردوە و داوای لێکردوون بە زووترین کات بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندن بۆ ژنان لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا جێبەجێبکەن.

 

ئەوە لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاڵیبان تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلی ١٢ی ئەنجامدا و ڕێگەی بە خوێندکارانی کچ دا بەشداری بکەن، بەڵام ڕێگەدانەکە تەنها نمایشێک بوو، چونکە لەو کاتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست لە مانگی ئابی ٢٠٢١، خوێندنی لە ژنان قەدەغە کردووە و ژنانی بێ پەروەردە و خوێندن هێشتووەتەوە.

 

یاساکانی تاڵیبان بەرامبەر ژنان ڕۆژ بەڕۆژ توندتر دەبێت، سەرەڕای ڕێگەگرتن لە گەشتکردنی تەنها و چوونە دەرەوە بەبێ لەچک، لە مانگی ڕابردوودا بڕیارێکی دەرکرد کە چیتر نابێت ژنان بچنە پارک و باخچەکانەوە، ئەگەریش بڕیارەکان جێبەجێنەکەن ئەوا سزا دەدرێن.

 

لەلایەکی دیکەوە بەردەوامە لە دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی ژن و لە کاتی ناڕەزاییەتی دەربڕین دژی بڕیارەکانی تاڵیبان، دەیان چالاکوانی ئەفغانی دەستگیرکردووە.