ژنانی باکوور و باشووری کوردستان: بە تێکۆشانی هاوبەش دەگەینە ئامانج
شاندی ژنانی باکووری کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاری تێکۆشانی هاوبەش دژی داگیرکاریی و توندوتیژییەکان درا.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان سەردانی ڕژاکیان کرد و لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەکە کۆبوونەوە، ئامانجی سەردانەکەیان پێکهێنانی یەکێتییەکی هاوبەشی ژنانی چوار پارچەیکوردستانە، لەپێناو وەستانەوە دژی هێرشەکانی سەر ژنان و داگیرکارییەکانی سەر کوردستان.
شاندەکە لەلایەن ئەندامانی ڕژاک، هەریەک لە بانوو هەڵەبجەیی، فەوزی عەبدولکەریم، لەیلا خان عەلی، شەیما نەبی ڕەفیق، فاتمە حامید، مەحسومە ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ژنان باسیان لە هێرشە داگیرکارییەکانی سەر کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان کرد، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەیە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری توندوتیژییەکانی سەر ژنانی چڕ کردووەتەوە، بە گرنگ زانرا کە ژنان لە هەر شوێنێک بن، تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەببەن تا بتوانن ببنە هێز، بڕیاریش درا کە هەوڵ بدرێت لە نێوان ژنانی باشوور و باکووری کوردستان خەباتی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ گەشتن بە ئامانجەکان.
سەردانەکانی پلاتفۆڕمی یەکێتی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان درێژەی هەیە و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ حزبی سۆسیالیستی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان، یەکگرتووی خوشکان و چەندین لایەنی دیکە کۆببنەوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کۆبوونەوە و لە بارەی کارکردنی هاوبەشی ژنان لە هەرچوار پارچەی کوردستان گفتوگۆیان کرد و دۆخی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و پیلانگێڕی دەوڵەتانی داگیرکەر هەڵسەنگێنرا.