نێرگز قادر: عێراق بە بڕیارێک ژنان ناچاری بێدەنگی دەکات

عێراق یاسایەکی هەرێمی کوردستان بە "نادەستووری" لە قەڵەم دەدات و ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سوود بە کۆمەڵگە و ژنان ناگەیەنێت و بڕیارەکە نیشانەی پیاوسالاری حکومڕانی پیاوانی ناو حکومەتی فیدڕاڵییە.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگز قادر، ڕۆژنامەنووس، لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر هەمواری یاساری باری کەسێتی و هێنانی ژنی دووەم لەلایەن پیاوانەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لە "عێراق بە بڕیارەکەی ژنان ناچاری بێدەنگی دەکات.

 

نێرگز قادر لە بڵاوکراوەکەیدا دەنووسێت: "لەکاتێکدا عێراق به دۆخێکی تايبەتدا لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەوە تێدەپەرێت، کەچی حکومەتی فیدڕاڵی ھەندێک بڕیار دەردەکات نازانم لە چ ئاڕاستەیەکەوە خزمەت بە دۆخی کۆمەڵاتی دەکات، بڕیارەکانیشان نیشانەی پیاوسالاری حکومڕانی پیاوانی ناو حکومەتی فیدڕاڵدایە، ئەوەی دەمەوێت باسی بکەم چەن ڕۆژێک بەر لە ئیستا بڕیارێک بڵاوکرایەوە، کە چیتر لەکاتی ئەنجامدانی ھاوسەرگیری دووەم، ژنی یەکەم ناتوانێت داوای جیابوونەوە بکات، بڕیارەکە ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەگەڵ نەبوو کام ژن ناتوانێت داوای جیابوونەوە بکات، کاتێک پیاوێک بێ پاساوی بۆ شەرع و قانون، ژنێکی تر دەھێنێت، ھیچ بیانووێکی گونجاوی نییە، چۆن دەکرێت ژن بە زۆر ناچار بکرێت بێدەنگی ھەڵبژێرێت".

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەم بڕیارە کءشەی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات و توندوتیژی، خۆکوشتن، سوتان و خۆکوژی زیاتر دەکات، خزمەت بە خێزانی عێراقی ناكات له ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، خۆزگە لە بری ئەم بڕیارانە بە ژیانی کۆمەڵایەتی و یاسا کۆنەکانی عێراق و بێکاری و ڕێژەی ھەژاریدا دەچوونەوە، چونکە ئەم بڕیارە خزمەت بە ژن ناکات، بەڵکو ژن دەکات بە کوێلە و ژیانی ناچاری ھەڵبژێرێت.

 

لە کۆتایدا نێرگز قادر ئاماژە بەوەدەکات کە ئایا تا چەند بڕیارەکە خوێندنەوە بۆ دەروونی ژنێک دەکات کە دەکەوێتە ناو دۆخەکەوە و دەڵێت: کاتێک ژنێک دەروونی تێکدەچێت چی بەسەر خێزانەکان دێت؟، کەواتە ئەم بڕیارە ھیچ خزمەت ناکات، دەبێت ئیتر عێراقییەكان بيريان بێتەوه ئێستا ئێمه له سەدەی ٢١ داین و دونیا تەکنەلۆژیا و پێشەکەوتنە، تازە عێراق دەگەڕێتەوە سەردەمی نەزانی، ھیوادارم ڕێکخراوەکانی ژنان ئەمە قبوڵ نەکەن و ھیچ ژنێکی عێراقيش نەچێتە ژێرباری بڕیارێکی لەو شێوەیە.

 

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چی بوو؟

بەپێی ماددەی ١٨ لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای باری كەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەمواركراو)، تێیدا كاركردنی بە بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ٤٠ی هەمان یاسای عێراقی ڕاگرتووە و لە جێگەیدا بڕگەكەی بەم شێوەیە داڕشتووەتەوە: (ئەگەر هاوسەر (پیاو) ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەكەم مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات).

 

٣٠ی تشرینی دووەم، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى ماددەى ١٨ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە "نادەستووری" لە قەڵەمیدا، چونکە بە پێی یاسا عێراقییەکە "ئەگەر مێرد ژنێکی دیکەی هێنا، ژنی یەکەم مافی جیابوونەوەی نییە"، بەڵام لەو ماددە هەموارکراوەی هەرێمی کوردستاندا داڕێژراوەتەوە کە، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت".