"داگیرکاری لە خەبات بۆ ژیانێکی ئازاد دوورمان ناخاتەوە"

گروپێک لە ژنانی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و ڕایانگەیاند، حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە چەندە داگیرکاری بکات، ناتوانێت لە خەباتی بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد دوورمان بخاتەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بینای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری سلێمانی، گروپێک لە ژنانی باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و ئاماژەیان بەوەدا، "ژن وەک پێشەنگانی هەموو بوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە نموونە بۆ جیهان! زۆر قوربانی دراوە لەپێناو ئازادیدا و بۆیە هەمووان بە ئیرادەتر لە جاران خەبات دەکەن".

 

بەیاننامەکە لەلایەن، بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ئەنجومەنی ڕژاک خوێندرایەوە و دەقەکەی بەمشێوەیەیە؛

 

"هێرشەکانی حکوومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا کوردستان شتێکی نوێ نییە، بە واتایەکی تر ئەمە یەکەمجار نییە کە حکومەتی ئاکەپه-مه‌هه‌په‌ هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان! وەک دەزانین ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی ڕوون و گرنگی مۆدێرنیتی دیموکراسی و بنیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراتیکە، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕوونی دەبینرێت. دەوڵەتی تورک نایەوێت لە سوریا ئاشتی و دیموکراسی بەدیبێت، نایەوێت کێشەکان و قەیرانەکانی کۆتاییان پێبێت، خۆی کردووە بە خاوەنی قەیرانەکان و پشتیوانی لە قەیرانەکان دەکات، بەڵام پێویستە بپرسین ئەردۆغان بۆچی و بۆ چ مەبەستێک هێرش دەکات و بۆچی حکومەتەکانی تر لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا بێدەنگن؟

 

وەڵامەکەی ئەوەیە، چونکە ئەو عەقڵیەت و شێوازی ژیانەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەیبینین بەربەستێکی گەورەیە بۆ حکومەتەکان! پشتگیری و بەشداری ناوازەی خەڵک لە سیستەمی خۆبەڕێوەبردنیاندا بووەتە ناوەندێکی ئیلهامبەخش، کە گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بینیمان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا حکومەت چەندە هێرشی کردەسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان نەک بێدەنگ نەبوون، بەڵکو زۆر به‌هێز هەنگاویان ناوە! ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت! ژن وەک پێشەنگانی هەموو بوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە نموونە بۆ جیهان! زۆر قوربانی دراوە لەپێناو ئازادی و هەمووان بە ئیرادەتر لە جاران کار دەکەن. هەموو مرۆڤێک بە چین و توێژە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئەم پەیامەیاندا کە، حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە چەندە داگیرکاری بکات، ناتوانێت لە خەباتی بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد دوورمان بخاتەوە.

 

ئێمەش وەک ژنانی چالاکی باشووری کوردستان، هەموو هێرشەکانی حکومەتی فاشیستی تورکیا شەرمەزار دەکەین و پشتیوانی گەلەکەمان دەکەین لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان بۆ ساتێکیش ناوەستین".