" هاواری ژن، ژیان، ئازادی لە ماڵەکانەوە تا سەر شەقامەکان دەبیسترێت"

گروپێک لە ژنانی چوار پارچەی کوردستان پشتیوانی خۆیان لە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەبڕن و ڕایانگەیاند، "ژنان هەموو پێناسەکانی کۆماری ئیسلامییان لەسەر ژنان شکاند".

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی گروپێک لە ژنانی چوار پارچەی کوردستان بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، دژی هەموو سیاسەتەکانی کۆماری سێدارە، ژنان نەک هەر بێدەنگ نەبوون، بەڵکو هەموو پێناسەکانی کۆماری ئیسلامییان لەسەر ژنان شکاند و زیاتر لە دوو مانگە پێشەنگایەتی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن.

 

بەیاننامەکە لەلایەن پرشنگ شاهۆ خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، لەگەڵ هاتنی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، شۆڕشی ژنان له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێدەنێتە مانگی دووەمە و تا ئێستا بەردەوامە، "پیاوسالاری لە ئێران توندوتیژی ئاشکرا دەکاتە سەر ژنان، ئەو دەسەڵاتە پیاوسالارییە که ژنانی پەراوێز خستووه بۆ ئەوەیە خۆی لە ناوەندا بمێنێتەوە، دەرئەنجامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشکردنە سەر ڕیحانە جەباری و فەریناز خوسرەوانی و ئەمڕۆژ شلێر ڕەسوڵی و ژینا ئەمینییە، هێرشەکانیش لەمەدا سنوردار نییە و بووەتە شوێنی سەرکوتکردنی ناسنامەی ژنان لە ماڵەوە تا شەقام.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا تیشکخراوەتە سەر شۆڕشی دوو مانگەی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "نزیکەی دوو مانگە هاواری ژن، ژیان، ئازادی لە ماڵەکانەوە تا سەر شەقامەکان دەبیسترێت، خوێندکاران ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆیان جێبەجێ دەکەن و کۆمەڵگە پشتی بە هێزی سروشتیی خۆی بەستووە، ئەمەش وایکردووە سەرەڕای هێرشەکانی حکومەت و دامودەزگاکانی، خەڵک ناترسێت و پاشەکشەی نەکردووە، ژنیش بووەتە هێمای یەکڕیزی لە سەرتاسەری ئێران.

 

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەدەکەن، وەکو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژنانی تێکۆشەری کوردستان سەری ڕێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنن و دەڵێن، "هەر شەهیدێک ڕەمزی بەرفراوانکردنی خەبات و تێکۆشانە"، پاڵپشتی خۆشیان بۆ بەنگەوازییەکەی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەبڕن کە ٢٠ی تشرینی دووەمی بە ڕۆژی جیهانی ژینا بەناوکردووە و دەڵێن: لەسەر ناوی ژنانی کوردستان دەمانەوێت هەموو ژنانی ئازادیخواز پشتیوانی خۆیان لە چالاکییەکان ڕابگەیەنن، چونکە بە یەکڕیزی دەتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن.