دەستگیرکردنی دوو خوشک کە براکانیان لە ناڕەزایەتی ٢٠١٩دا گیانیان لەدەستدا

نەسرین محەمەدی، خوشکی عوسمان محەمەدی و حەمیدە کیتابدار، خوشکی ئیبراهیم کیتابدار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٥ی تشرینی دووەم لە سێیەمین ساڵیادی ناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی ٢٠١٩ و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران، نەسرین محەمەدی، دایکی سێ منداڵ و خوشکی عوسمان محەمەدی خەڵکی مەریوان، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١٩دا گیانی لەدەستدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هاوژینی نەسرین محەمەدی کە دانیشتووی شاری سنەیە، ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕاپەڕینە گشتییەکاندا دەستگیرکراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

 

هەروەها حەمیدە کیتابدار، خوشکی ئیبراهیم کیتابدار، یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی ٢٠١٩، لەگەڵ هاوژینەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

 

ئیبراهیم کیتابدار، ٣٠ ساڵ و باوکی دوو کچی تەمەن ٢ و ٤ ساڵ بوو، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لەکاتی وەستان لە بەردەم شوێنی کارەکەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە ئامانج.

 

لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سەرکوتێکی بەرفراوان لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام درا و لە ئەنجامدا ١٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بریندار بوون و سەدان کەسیش دەسبەسەر کران.