ڕاپەڕین شەوانە لە ئێران بەگوڕتر دەبێت

شەوی ڕابردوو سەرەڕای توندکردنی باری ئەمنی بەشێک لە شارەکان، خۆپیشاندەران بە ئامادەییەکی گەورەتر و ڕێکخراوترەوە چوونە سەر شەقامەکان و بەردەوام بوون لە تێکۆشان بۆ ئازادی.

 ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەرینی سەرتاسەری گەلی کورد و گەلانی ئێران نزیکەی ٥٠ ڕۆژە بەردەوامە و شەوی ڕابردووش سەرەڕای بە میلیتاریزەکردنی شارەکان و جێگیرکردنی هێزی ئەمنی سەرکوتکەر بەناو شارەکاندا، خۆپیشاندەران دژی حکومەتی ستەمکاری کۆماری ئیسلامی درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیان دا.

 

لە شارەکانی سنە، پیرانشار، مەهاباد، ئیلام، کرماشان، گیلان-غەرب، ورمێ، میاندواو، سەقز، بانە، بۆکان و چەندین شاری دیکە هێزە ئەمنییەکانی ڕژێم هەڕەشەی لە چالاکوانان، قوتابیان و خوێندکاران کرد و چەندینیان لێدەستبەسەر کران، خۆپیشاندەران خۆپیشاندانەکانیان بە وتنەوەی دروشم و سرود بەردەوامی پێدا و ئاگریان لە هێماکانی کۆماری ئیسلامی و شوێنە پەیوەندیدارەکان بە سپای پاسداران بەردا، لەوانەش بنکەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە باباریزی سنە، هەروەها خۆپیشاندەران لەسەر دیوارەکان دروشمیان دەنووسی و نامیلکەی ڕاپەڕینەکەیان دەبەخشییەوە و جەختیان لە بەردەوامی خۆپیشاندان تا گەشتن بە ئازادی کردەوە.

 

هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە ڕێگریان لە هاتنە ناوەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشە ناوخۆیی فریشتەگان و دەستبەسەرکردنی ئەو خوێندکارانە کردووە.

 

هەروەها لە سیستان و بەلوچستان، ئەهواز، تاران، چابەهار، شیراز، بەندەر عەباس، ڕەشت، ئامۆڵ، لاهیجان، ئیسفەهان، ڕەفسەنجان، ڕەوانسەر، تەبرێز، زەنجان، یەزد، هەمەدان، ساری، کەرەج، خوزستان، مەشهەد، قوم، شیراز، قەزوین و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندەران بە دروستکردنی بەربەست و وتنەوەی دروشم و ئاگربەردان لە ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان درێژەیان بە ڕاپەڕینەکان داوە.

 

باس لەوەشکراوە کە هێزە سەرکوتکەرەکان لە شارە جیاجیاکان هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی تەقە و گازی فرمێسکڕێژ بریندار یان کوژراون. بەهۆی ئەوەی بریندارەکان نەچوونەتە نەخۆشخانە، ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە.