سەنتەرێکی پشکنینی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی دەکرێتەوە

١٥٠ ملیار دینار بۆ دەرمانی نەخۆشخانەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبین دەکرێت و سەنتەرێکی پشکنینی شێرەپەنجەی مەمکیش لە سلێمانی دەکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

د. نەرمین مەعروف غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق، رەزامەندی دەربڕیووە کە لەسەر بودجەی تەرخانکراو لە یاسای ئاسایشی خۆراک، سەنتەرێکی پشکنینی شێرەپەنجەی مەمکیش لە سلێمانی بکرێتەوە.

 

ڕاشیگەیاند، کە ١٥٠ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ دەرمانی شێرپەنجەی سەرجەم نەخۆشخانەکانی عێراق و هەرێـمی کوردستانیش دەگرێتەوە، کە لە بڕگەی ١٧ لە خشتەی "ب" ناوی هاتووە، "لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بە نوسراوێک داوام لە وەزیری تەندروستی کردووە میکانیزمی خەرجکردی ئەم پارەیەم بۆ ڕوونبکاتەوە، ئامانجم ئەوەبوو پشکی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لەو بڕە پارەیە بزانم کە بە چی شێوەیەک دەتوانرێت دابینبکرێت بۆیان".

 

د.نەرمین ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری تەندروستی عێراق وەڵامی داوەتەوە و وتوویەتی،  نەخۆشخانەکانی تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن داوای پێداویستیەکانی خۆیان بکەن، ئێمەش لە چوارچێوەی ئەو پارەیەی لە یاساکەدا دیاریکراوە بۆیان دابین دەکەین، منیش بە نوەسراوێک داوام لە نەخۆشخانەی هیوا کرد پێداویستییەکانی خۆیان بنووسن.

 

بەپێی قسەکانی نەرمین مەعروف، نەخۆشخانەی هیوا لە وەڵامی نووسراوەکانی دا، خستوویانەتەڕوو، ٢٠٪ی توشبووانی شێرپەنجە ئەو ژنانەن کە توشی شێرپەنجەی مەمک بوون.

 

د. نەرمین ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان بۆیە داوای ئەو سەنتەرەیان کردووە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی بتوانن پشکنینی پێشوەختەی تێدا ئەنجامبدەن، ئەگەر دەرکەوێت کەسێک توشبووە و لە سەرەتاکانی توشبوونیەتی فریای بکەون و چارەسەری پێش وەختەی بۆ بکەن.