ئاوارە ئۆکراینیەکان لە بەریتانیا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە

ڕۆژنامەی زە گاردیان باس لە کارەساتێکی دیکە دەکات کە لە بەریتانیا ڕووبەڕووی ئاوارە ئۆکراینیەکان دەبێتەوە، ئەویش بێ ماڵ بوونیانە دوای تەواوبوونی مۆڵەتی مانەوەیان لە ماڵە بەکرێگیراوەکاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەی "زە ​​گاردیەن"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە ساڵی داهاتوودا ٥٠ هەزار پەنابەری ئۆکراینی ئاوارە دەبن، لە کاتێکدا حکومەت رەتیدەکاتەوە پاکێجێکی نوێی پشتیوانی ودابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی جێگرەوەیان پێشکەش بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاوارەبوونیان، ئەمەش لەکاتێکدا دێت کە ئاوارە ئۆکراینیەکان لە ماڵەکاندا لەگەڵ خێزانی دیکە دەمانەوە بە بڕە پارەیەک بۆ ماوەیەکی کاتی.

 

ڕێکخراوەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە وەڵام نەدانەوە بۆ قەیرانی پەنابەران دەبێتە هۆی "زیادبوونی کارەساتبار لە ڕێژەی بێ ماڵان".

 

مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، دەیان هەزار پەنابەری ئۆکراینی لەژێر "پلانی خانوو" گەیشتنە بەریتانیا، کە تێیدا دابەشکران بەسەر ئەو ماڵانەدا کە ڕەزامەندیان دەربڕی بۆ مانەوەی ئۆکراینییەکان لە ماڵەکانیاندا بۆ ماوەی شەش مانگ بە بڕی ٣٥٠ پاوەند مانگانە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانە حکومەت نەیتوانیوە شوێنی حەوانەوە بدۆزێتەوە بۆیان، بەو پێیەی ١٣٣٥ خێزانی "بێ ماڵ و حاڵ"ی ئۆکراینی تۆمارکراون.

 

شیکارییەک کە لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازی منداڵان-بارناردۆ بە هاوبەشی لەگەڵ لیبراڵ دیموکراتەکان ئەنجامدراوە دەریخستووە کە دەکرێت تا زستانی داهاتوو لە نێوان ١٥ بۆ ٢١ هەزار ئۆکراینی بێ ماڵ و حاڵ بن و تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو ژمارەیان بۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس بەرز دەبێتەوە.