هەرێمی کوردستان، لە ٦ مانگدا ٧١ پێشێلکاری بەرامبەر ١٤٠ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە

ڕێکخراوی پەیامنێران ئاماری پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکانیش پەرلەمانی کوردستان زۆرترین پێشێلکاری ئەنجامداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بە هاوکاری دەستەی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆی ئەمریکی ڕاپۆرتی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ی پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە پەرلەمانی کوردستان زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە لە ١ی کانوونی دووەم هەتا ٣ی تەمموزی ئەمساڵ، ٧١ پێشێلکاری بەرامبەر ١٤٠ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، ٨ حاڵەتی جیاکاری و ڕێگەنەدان بە ڕووماڵکردن لە نێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەرامبەر ٢٩ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، نۆ حاڵەتی هێرش و سوکایەتیکردن بەرامبەر ١٤ ڕۆژنامەنووس تۆمارکراوە، یەک حاڵەتی داخستنی نووسینگەی کەناڵەکان هەبووە، هەروەها کەیسەکانی شکاندن و دەستبەسەرداگرتنی پێداویستی ڕۆژنامەنووسان ١٠ کەیسن، کە بەرامبەر ٢١ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە.

 

لەناو پارێزگاکاندا، شاری دهۆک ٢٨ حاڵەتی پێشێلکاری تێدا ئەنجامدراوە کە زۆرترینە، لە هەولێر ٢٧ حاڵەت و لە سلێمانی ١١ حاڵەتی پێشلکاری و لە هەڵەبجەش ٥ حاڵەت ئەنجامدراوە،

 

هەروەها باس لەوەکراوە کە پەرلەمانی کوردستان بە پلەی یەکەم دێت بۆ جیاکاری لە نێوان دەزگا ڕاگەیاندنەکان و پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و پێشێلی یاسای ژمارەی ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ تایبەت بە پیشەی ڕۆژنامەنووسی دەکات.

 

جگە لەوەش بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جیاکاری لە نێوان دەزگا ڕاگەیاندنییەکان.