ژنێکی پێشکەشکار لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا

پیاوێک کە پیشەی دادوەر بووە لە میسر هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت، کە پێشکەشکاری تەلەفزیۆن بووە و تا ئێستاش تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگا ئەمنییەکانی میسر بڵاویانکردووەتەوە، پیاوێکی دادوەر هاوژینەکەی خۆی بەناوی شەیما جەمال کوشتووە، کە پیشەی پێشکەشکاری تەلەفزیۆنیی بووە و لە ئێستاشدا دەزگا ئەمنییەکان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو دادوەرە.

 

بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی سکای نیوز، تۆمەتبارەکە جێگری سەرۆکی یەکێک لە دەسەڵاتە دادوەرییەکانی میسر بووە، هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا سەرکەوتوو بووە بۆ دەستەی بەڕێوەبەریی یانەی دادوەران، دەزگا ئەمنییەکان داوایان لە داواکاری گشتی کردووە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە دژی تۆمەتبارەکە بگیرێتەبەر، چونکە پارێزبەندی دادوەریی هەیە و داواکاری گشتی ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ دەستگیرکردنی.

 

بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکە ٣ هەفتە لەمەوبەر لە بنکەیەکی پۆلیس سکاڵایەکی لەسەر دیارنەمانی هاوژینەکەی، شەیما جەمال تۆمارکردووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەو دادوەرە بەدەر لە یاسا ماوەی پێنج ساڵە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو ژنەدا کردووە، کە ئەوکات لە خوار تەمەنی یاساییەوە بووە بۆ هاوسەرگیرییکردن، بەوهۆیەشەوە هەموو گۆمانەکان لەسەر دادوەرەکە تۆخ بوونەتەوە.