زیاتر لە ١٠٠ کەس تووشی نەخۆشییەکەی نەناسراو دەبن

سەرچاوە خۆجێییەکان لە پارێزگای غەزنی ئەفغانستان ئاماژە بە تووشبوونی زیاتر لە ١٠ کەس بە نەخۆشییەکی نەناسراو دەکەن کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕەخشانە، بەرپرسانی ناوخۆی تاڵیبان لە پارێزگای غەزنی لە ئەفغانستان ڕایانگەیاند، کە زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی گوندی باتوری سەر بە شاری گیرو تووشی نەخۆشییەکی نەناسراو بوون و زۆربەی تووشبوانیش ژن و منداڵن.

 

مەولوی محەمەد حەنیف مسباح، بەڕێوبەری تەندروستی گشتی تاڵیبان لە پارێزگای غەزنی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی یەکەمدا ژمارەی نەخۆشەکان ٩٠-١٠٠ نەخۆش بووە، ئەمەش لە ڕۆژی دووەمدا زیادیکردووە.

 

بەڕێوەبەری گشتی تاڵیبان نیشانەکان و وردەکارییەکانی ئەو نەخۆشییەی نەخستەڕوو، تەنها ئاماژەی بەوەدا کە نەخۆشییەکی نەناسراوە و زۆری نەخۆشەکان ژن و منداڵن، ئەگەری هەیە هۆکارەکانیش بەکارهێنانی ئاوی ناتەندروست بێت.