ژمارەیەک لە چالاکوانان پشتگیری مامۆستایانی زیندانیکراو دەکەن

ژمارەیەک لە چالاکوانانی شاری سنە و مەریوان سەردانی کەسوکاری مامۆستایانی زیندانیکراویان کرد و پشتیوانی خۆیان خستەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ژمارەیەک لە چالاکوانانی شاری سنە و مەریوان سەردانی کەسوکاری مامۆستایانی زیندانیکراویان کرد و هاوخەمی و پشتیوانی خۆیان خستەڕوو، لە سەردانەکەدا چالاکوانان پانکارتی "پێویستە مامۆستای زیندانیکراو ئازاد بکرێت"، "شوێنی مامۆستا زیندان نییە" و "داواکاریەکان تاوان نین" بەدەستەوە بوو و داوای ئازاد کردنی مامۆستایانیان کرد.

 

لە دەستپێکی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مامۆستایان و ڕۆشنبیرانی ئێران ژمارەیەکیان دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ زیندان، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا مامۆستایان لە شارەکانی ئێرانەوە خۆپیشاندانیان دژی خراپی بژێوی ژیان، جێبەجێنەکردنی یاسای هەموارکردنەوە، بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردن و تۆمەت دژ بە هاوپیشەکانیان ئەنجامدا، بەڵام حکومەتی ئێران سەرەڕای گوێنەدان بە داواکاری مامۆستایان، هەڕەشە و لێدان بەرامبەریان بەکاردەهێنێت.