ڕێپێوانی گەنجانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە

ڕێپێوانی درێژمەودای گەنجانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە دوێنێ لە شاری قامیشلۆ دەستیپێکرد، ئەمڕۆ لە ڕۆژی دووەمیدا لە شاری تەربیسپیەوە تا گێرکێ لەگێ بەردەوام دەبێت.

قامیشلۆ

 

ڕێپێوانی درێژمەودا دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە دروشمی "لە دژی خیانەت و داگیرکاری، وەرن بۆ جەنگی ئازادی" دوێنێ لە شاری قامیشلۆ دەستیپێکرد و لە تربەسپی وەستان.

 

گەنجان و ژنانی گەنج و هاوڵاتیان ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی ڕێپێوانەکەدا لە تربەسپی تا گرکێ لەگێ بەردەوام دەبێت، سبەینێش تا دێرک ڕێپێوانەکە درێژەی دەبێت.

 

شیلان مستۆ، خەڵکی کۆبانێیە و بەشداری ڕێپێوانەکە بووە، ئاماژەی بەوەدا کە وەک یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ، لە دوێنێوە ڕێپێوانێکی درێژمەودایان ڕێکخستووە، بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و پارچەکانی دیکەی کوردستان، "دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات ئیرادەی خەڵک بشکێنێت ئێمە دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم ڕێپێوانەوە پەیامێک ئاراستەی دەوڵەتی تورک بکەین و پێی بڵێین هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی گەنجان و گەلی کورد بشکێنێت، ئێمەی گەنجان مافمان هەیە و دەستبەرداری نابین و چالاکیەکانمان بەردەوام دەبێت".