فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە بایکۆتیان ڕاوەستاند

پاش ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئایارەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەپێناو پاراستنی مافی خوێندکاران بایکۆتیان شکاند.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە لەپێناو پاراستنی مافی خوێندکاران و بەجێهێنانی ئەرکی پەروەردە و فێرکردنیان بڕیاری وەستاندنی بایکۆتیان دا.

 

سومەییە جەمال، فەرمانبەر لە زانکۆی هەڵەبجە تایبەت بە نوژنها وتی: لەبەر بەرژەوەندی خوێندکاران بایکۆت دەوەستێنین تاوەکو ئەوکاتەی بە دەم مافە سەرەتاییەکانمانەوە دێن و چەند خاڵیکمان خستووەتە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار تا جێبەجێی بکەن، ئەگەرنا هەڵوێستی دیکەمان دەبێت.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا مامۆستا ئەمجەد حەمە ئەمین بەیاننامەی مامۆستایانی خوێندەوە و داوایانکرد، کە مووچەکانیان هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا پێبدرێت، فەرمانبەرانی گرێبەست دابمەزرێن و پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، هەروەها ٣٠ مووچەی لەدەستچوو بگەڕێنرێتەوە بۆ فەرمانبەر و مامۆستایان، ئاماژەشیان بەوەدا تا جێبەجێکردنی داواکانیان بایکۆت هەڵدەسپێرن، بە پێچەوانەوە هەڵوێستیان دەبێت.