بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال: جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی دیکەمان نییە

ڕێکخراوی خانەوادەی شەهیدانی شەنگال بە بەیاننامەیەک پشتیوانی خۆیان بۆ خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەربڕی و دەڵێن: جگە لە بەرخۆدان هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان نییە.

 شەنگال

 

سەبارەت بە دۆخی ئەم دواییەی شەنگال و هێرشکردنە سەر بەها و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی، ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و ئاماژەیان بەوەدا لە تێکۆشان بەردەوام دەبن دژ بە هێرشەکان.

 

بەیاننامەکە لە گۆڕستانی شەهیدان لە گەلیی کەرس لەلایەن مەروان خەلەف، مامۆستای زمانی کوردی، خوێندرایەوە و ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی ٩ی تشرینی دووەم کرد کە پلانگێرییەکە و لەسەر گەلی ئێزدی بەڕێوەدەبرێت، لەو پیلانگێڕییەشدا هەریەک لە تورکیا، عێراق و پەدەکە بەشدارن، وتیشی کەس ناتوانێت ئیرادەی گەل تێکبشکێنێت.

 

"ساڵی ٢٠١٤ پەدەکە کۆمەڵگەکەمانی بەجێهێشت و ڕایکرد، بە جێبەجێکردنی فەرمانەکان دەیانویست ئێمە لەناوببەن، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار هاتنە ناو کۆمەڵگەکەمان و نرخێکی زۆر قورسیاندا و لەو پێناوەدا سەدان شەهید دراوە، وەک کەسوکاری شەهیدان، خوێنی شەهیدان لە زەوی بەجێناهێڵین و بۆ ئەوەی تۆڵەیان بکەینەوە، پشتیوانی خۆمان لە هەڵوێستی خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەکەین، ئەو شاندەی کە چوونەتە بەغدا و ڕەوایەتیان بە هێرش داوە، نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن، ئەوانەی نوێنەرایەتی ئەم ئیرادەیە دەکەن شەهید و قارەمانی ئێمەن".