١٧٣ ڕۆژنامەنووس لە سێ مانگدا دادگایی کراون

بەپێی ڕاپۆرتێکی پلاتفۆڕمی ڕۆژنامەنووسانی بێسنور، لە ماوەی ٣ مانگی ئەمساڵدا لە وڵاتی تورکیا ١٧٣ ڕۆژنامەنووس دادگایکراون و ١٧ ڕۆژنامەنووسیش کەیسەکانیان بە بێ تاوان پەسەند کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێنجەمین ڕاپۆرتی "ئەجێندای ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی" لەلایەن پلاتفۆرمی رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ-P24 ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٧٣ ڕۆژنامەنووس دادگایکراون.

 

ڕاپۆرتەکە باس لە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی لە وڵاتی تورکیا دەکات، زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە ئەو داتایانەن کە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ کۆکراوەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو کەمیکردووە، بەڵام لێکۆڵینەوە و کەیسەکان بەردەوامن و فشاری سەر ڕۆژنامەنووسان کەم نەبووەتەوە.

 

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سێ ڕۆژنامەنووس پاش تەواوبوونی سزاکەیان ئازادکران و ڕۆژنامەنووسێکیش کە لەلایەن دادگای باڵاوە سزاکەی پەسەندکرا، دەستگیرکرا و ڕەوانەی زیندان کرا.

 

هاوکات ١٠١ ڕۆژنامەنووس دادگاییکراون، لەو ژمارەیە ٥ کەسیان هاوڵاتی تورکیا نەبوون، هەروەها ١٧٣ ڕۆژنامەنووس دادگاییکراون، لە ئەنجامی ئەو دادگاییانەدا ١٦ ڕۆژنامەنووس سزای زیندانی هەتاهەتایی و ٦٥ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٧ ڕۆژ زیندانی سزادراون، هەروەها ٤٢ هەزار و ٥٠٠ لیرەی تورکی قەرەبوو، ٧ هەزار و ٨٠ لیرەی تورکی سزای ڕۆژنامەنووس دراوە، ١٧ ڕۆژنامەنووسیش بێتاوان دەرچوون.

 

زۆربەی ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی "تیرۆر" یان سوکایەتیکردن بە بەرپرسی دەوڵەت و سەرۆکی دادگا دادگایی کراون، هاوکات ٨ دۆسیەی نوێ لە دژی ٧ ڕۆژنامەنووس کراوەتەوە، لە کاتی چاودێریکردنی هەواڵدا ١٦ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە ١١ ڕۆژنامەنووس کراوە.