ڕێکخراوی پەیامنێران: سەرۆکی حکومەت پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی حکومەت تەنها ڕێگەی بە دەزگاکانی نزیک خۆیان و هەندێک دەزگای عەرەبی داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ، ١١ی ئایاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە تەنها ڕێگە بە هەندێک دەزگا دراوە و ئەوەشیان بە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەناو کرد.

 

دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی رۆژی چوارشەممە، ٢٠٢٢/٥/١١ جگە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە خۆیان و هەندێک کەناڵی عەرەبی هیچ دەزگایەکی تری بانگ نەکردبوو.

 

وەک ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ئەم کارەی سەرۆکی حکومەت بە پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەزانین و پێشمانوایە نەدەبوو ئەم پێشێلکارییه بەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تێبپەڕێت.

 

داواکارین لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەداواچوونی جدی بکا لەسەر ئەو جیاکارییەی بەرامبەر بە دەزگای ڕاگەیاندن و رۆژنامەنووسان کراوە، ئێمە لە ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان نیگەرانین لەو جۆرە پێشێلکارییانە و بە دەرچوون لە یاسا بەرکارەکانی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستانی دەزانین.