پەیامنێرێکی کەناڵی ئەلجەزیرە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا

شیرین ئەبو عاقلە، یەکێک لەو پەیامنێرانەی لە سەرەتای کەناڵی ئەلجەزیرەوە وەک پەیامنێر کار دەکات، زۆرترینی کارەکانی بۆ دەرخستنی دۆخی هاوڵاتی فەلەستین بووە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی فەلەستین هەواڵی کوژرانی ئەو پەیامنێرەی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین گیان لەدەستدانی پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، "شیرین ئەبو عاقلە"ی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پەیامنێرە بە گولەی ڕاستەوخۆی سەربازانی ئیسرائیل کوژراوە لەکاتێکدا لە ناوچەی جنین بوون.

 

ڕووداوەکە کاتێک ڕوویداوە، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر شاری جنین بە مەبەستی دەستگیرکردنی فەڵەستینییەک، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی و ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی چەکداران و دەیان فەڵەستینی.

 

بەپێی قسەی شایەتحاڵان ڕوونکراوەتەوە، چەکداران ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی گولەکانیان گرتووەوە خۆپیشاندەران و ڕاگەیاندنکاران، لەکاتێکدا شیرین و هاوکارەکانی چاکەتی ڕۆژنامەوانیان لەبەردابوو و جیایان دەکردنەوە لە خۆپیشاندەران.

 

شیرین یەکێکە لە پەیامنێرە سەرەتایییەکانی ئەلجەزیرە

شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری ئۆرشەلیم لە فەلەستین لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندن لە زانکۆی یارموکی شانشینی ئوردون، یەکێکە لەو پەیامنێرانەی لە ساڵی ١٩٩٧ و سەرەتاکانی دامەزراندنی کەناڵی ئەلجەزیرەوە کاردەکات، بەرلەوەی بچیتە کەناڵی ئەلجەزیرە لە ڕادیۆی فەڵەستین و کەناڵی ئاسمانی عەممان کاری کردووە.

 

نزیکەی چارەکە سەدەیەک شیرین لە چەقی مەترسیدا کاری کردووە و هەوڵی گەیاندنی دۆخی هاوڵاتیانی فەڵەستینی داوە، لەوکاتەی سوپای ئیسرائیل هێرشی دەکردە سەریان بە ئامانجی داگیرکردنیان.

 

"هەمیشە هەستم کردووە بوومەتە جێگای ئامانجی سوپای ئیسرائیل"

ئەو پەیامنێرە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە ئاماژەی بەوەداوە، ئیسرائیل هەمیشە ئەو پەیامنێرەیان بە گرتنی وێنەی ناوچە ئەمینەکانیان تۆمەتبار کردووە، بۆیە هەمیشە هەستی کردووە کراوەتە ئامانجیان، یەکێکیش لەو ساتانەی کاریگەری لەسەر شیرین ئەبو عاقلە جێهێشتووە، سەردانیکردنی زیندانی شکلۆن و بینینی بارودۆخی زیندانیانی فەڵەستینی بووە.