ژنانی گەنجی شەنگال ئامادەکاری بەستنی کۆنگرە دەکەن

یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال ئامادەکاری بۆ یەکەمین کۆنگرەی خۆی دەکات کە بڕیارە لە مانگی حوزەیراندا ببەسترێت، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست.

نیسان ژیندا

 

شەنگال- یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت، دەکات، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان ژنانی گەنج یەکەم کۆبوونەوەیان بە دروشمی "ژیان بە ژن واتادار دەبێت، ژنانیش بە ڕێکخستنی ژنانی گەنج بەهێز دەبن" لە شارۆچکەی سنونێی شەنگال بە ئامادەبوونی دەیان ژنی گەنج ئەنجامدا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لەو عەقڵییەتە نێرسالارییە کرا کە ئیرادەی ژنان لەناودەبات و ڕەنج و تواناکانیان ناناسێت، هەروەها ڕێوشوێنەکانی هەڵوەشاندنی ئەو زهنییەتە خرایەڕوو، ژنانی گەنجی ئامادە لە کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند، کە دەتوانن بە بەهێزکردنی یەکڕیزی ژنانی گەنج دژی دواکەوتوویی ئەو سیستمە بوەستنەوە کە بە تایبەتی بەسەر ژنانی گەنجدا دەسەپێنرێت.

 

"بە خۆڕێکخستن کۆتایی بە دواکەوتوویی دەهێنین"

ئیناس ئەلیاس، ژنێکی گەنجی بەشداربووی کۆبوونەوەکەیە ئاماژەی بە پێویستی بەستنی کۆنگرە کرد و وتی: کۆنگرە پێویستییەکی سەرەکییە تا هەموو ژنانی گەنج بەشداربن، پێویستە یەک بە یەک باسی ئەو کێشانە بکەین کە ژنان لە سیستەمدا ڕووبەڕووی دەبنەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، تا هەمووان کۆنەبینەوە و گفتوگۆ نەکەین ناتوانین چارەسەری بەرفراوان بخەینەڕوو، بۆیە پێویستمان بە گفتوگۆی بەرفراوان هەیە.

 

هەروەها شیلان شەنگالی داوای لە هەموو ژنانی گەنج کرد کە بەشداری لە کاری ژنانی گەنج بکەن و ئەرکی خۆیان بۆ بەهێزکردنی یەکێتی ژنانی گەنج پێکبهێنن.