لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٧٣ حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری خۆکوشتنی ٨ ساڵی عێراقی بڵاوکردەوە و دەردەکەوێت کە، ساڵ بە ساڵ حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیاتر دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، ململانێی سیاسی، ناکۆکی عەشرەتی، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و نەبوونی بژێوی و پێداویستی ژیانیی، دۆخی هاوڵاتی قورس کردووە و تا دێت حاڵەتەکانی خۆکوشتن بەرز دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە زاری وتەبێژەکەیەوە، ئاماری ٨ ساڵی خۆکوشتنی لە عێراق بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەردەکەوێت ساڵ بە ساڵ ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاودایە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماری حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٢ بریتیبووە لە چوار هەزار و ٥٥ كەس، لە ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی خۆكوشتن لە ناوچەکانى عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان گەیشتە ٣٧٦ حاڵەت.
لە ساڵی ٢٠١٦دا ٣٤٣ حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٤٩ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٥١٩ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٥٨٨ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٤٤ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٨٦٣ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠٢٢ هەزار و ٧٣ حاڵەتی خۆكوشتن تۆمارکراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئامارەكان دەریدەخەن پەرەسەندنی بەردەوامی ئەم دیاردەیە هەیە و پسپۆڕان هۆكاری خۆكوشتن دەگەڕێننەوە بۆ سێ هۆکار، کە بریتین لە لایەنى دەروونی، ئابووری، كۆمەڵایەتی.