پێگەی ژنان لە دوای شۆڕشی ژینا!

ناوەندی هەواڵ

 

پێویستە بزانرێت ئایا ژنان تەنیا بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی ژنانەی خۆیان دەتوانن لەم شۆڕشەدا سەربکەون، یان بە چەکی هۆشیاری و خوێندەواری سیاسی و توانای جەستەیی؟، ئایا گەرەنتی ئەوە هەیە کە ژنان بگەنە ئەو یەکسانییەی کە ئامانجیانە، دوای ئەم شۆڕشە کە شۆڕشێکی ئابوورییە لە بارودۆخی ئێستادا و نیگەرانییەکانی دیکەش بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر سایەی کێشە ئابوورییەکان کاڵ بوونەتەوە؟

 

بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی خەباتی ژنان و شۆڕشەکانی پێشوو، ئاسانە تێبگەین کە ژنان وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی شۆڕش و سەرکەوتنی چینە دەسەڵاتدارەکان بەکارهێنراون و دوای ئەوە تەنها ستەمکاران و جۆری ستەمکارییان گۆڕانی بەسەردا هات، ژنیش هێشتا لە ژێر کۆیلایەتیدا بوون، ئایا نابێت لە مێژوو فێربین و بە هۆشیاری لەگەڵ بارودۆخی ئێستا مامەڵە بکەین؟

 

ڕەنگە بۆ دامەزراندنی ئەو شۆڕشە کە ژنان تیایدا پێشەنگبوون پێویست بووبێت، بەڵام تەنها پێشەنگ بوون بەس نییە، چەند شۆڕشێک دەتوانرێت ناوی لێ بگیرێت کە تێیدا ژنان تەنها بە بوونی خۆیان سەرکەوتوو بوون لە زاڵبوون بەسەر ستەمکارییەکانی سەردەمی خۆیان؟ وە ئایا گەرەنتییەک هەیە بۆ یەکسان بوونیان لەگەڵ پیاوان؟

 

تەنیا بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی خەباتی ژنان بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەموو شۆڕشەکاندا ژنان لەگەڵ پیاوانی یەک چین لە دژی چینە دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان خەباتیان کردووە، ئەوان پێیان وابوو سەرکەوتنیان وابەستەی سەرکەوتنی چینەکەیانە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش تەنانەت لەلایەن پیاوانی چینەکەیانەوە چەوسێندرانەوە!

 

ئەوانەی بەدەست دوو چەوسانەوە دەناڵێنن، لانیکەم متمانەیان بە پیاوانی چینەکەیان هەبێت بۆ ئەوەی دوای ئەوەی بەسەر ستەمکارەکاندا سەربکەون، لانیکەم پێگەی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی خۆیان لە چینەکەیاندا هەبێت، بەڵام ئایا پێگەی خۆیان لە چینەکەی خۆیاندا ئەو پێگەیە بوو کە دەبێ ببێت؟

 

بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئایدیالی ژن بوو، ئەمە ڕووی نەدا و هەرچەندە ڕاستگۆیانە لە پێناو بەرژەوەندی چینەکەیاندا خەباتیان دەکرد، بەڵام بوونە ئامرازێکی بەهێز بۆ مەبەستی پیاوان، لەم کاتەدا و لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا کە ژنان لە پێشەنگی شۆڕشدان، ئایا هیچ گەرەنتییەک بۆ سبەینێیەکی یەکسان و باشتر هەیە؟

 

ئەو ڕەخنانەی لە زۆربەی ژنە تێکۆشەرانی شۆڕشی ژینا گیراوە، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە جگە لە ئازایەتی نموونەیی خۆیان، هەوڵی بەدەستهێنانی خوێندەواری سیاسی خۆیان، کە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی لە مێژووەوە فێربن و ئەو هەڵانە ڕاست بکەنەوە کە ژنان لە ڕابردوودا کردوویانە پابەندبن

 

ژنان پێویستە بە پێی بارودۆخی ئێستایان هەوڵی سەقامگیرکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بدەن و بە کەمتر ڕازی نەبن، بڕیاری هاتنی حکومەتی داهاتوو لەبەرچاو بگرن و جدی بن لێی، وە با مێشکیان بەو پرسیارانە سەرقاڵ بکەن وەک ئەوەی ئایا ئەو حکومەتەی کە دێتە سەر کار پابەندە بە دیموکراسیەوە؟ ئایا ژنان لە ئیدارەی وڵاتدا دەخرێنە کارنامەی حکومەتی داهاتوو؟ چ جۆرە حکومەتێک لە بەرژەوەندی ستەملێکراواندایە بە ژنانیشەوە؟

 

وە ئەمەش تەنها کاتێکە کە ژنان خۆیان بە مافدار بزانن و ڕێگە نەدەن هیچ دیکتاتۆرێکی تر بە جلوبەرگی مۆدێرنیتەوە بێتە سەر کار، چونکە هاتنە سەر پۆستی کەسێک وەک پاشا یان سەرکردە دەبێتە هۆی سەرکوتکردنی زیاتری ژنان.

 

کێشەی ژنان لە ئێراندا تەنیا ڕەگەز نییە، بەڵکو نەتەوە، ئایین، ڕەگەز و چینایەتیشە، بۆ نمونە ژنانی کورد و بەلووچ زیاتر لە نەتەوەکانی تر جیاکارییان بەرامبەر کراوە، ئەو ژنانەی کە هەم لەلایەن سیستمی پیاوسالارییەوە چەوسێنراونەتەوە و هەم لەلایەن حکومەتێکەوە کە دوژمنایەتی نەتەوەکانی دیکەیان کردووە، چەوسێندراونەتەوە.

 

ئەم خەباتە فرەلایەنە بۆ ژنان پێویستی بە دیدگایەکی قووڵ هەیە، خەباتێک کە زۆر قورسترە لەوەی ژنان لەم دۆخەدا بیری لێدەکەنەوە، ئێمە پێویستمان بە چارەسەر، ڕێکخستن، پلانی ورد هەیە، پێویستە ژنانی خاوەن هۆشیاری زیاتر یارمەتی ژنانی دیکەی کۆمەڵگا بدەن کە مەترسی زۆریان بۆ شۆڕش کردووە بە دروستکردنی ڕێکخراو لەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگە.

 

ڕاکێشانیان و پەروەردەکردنیان بە زانیارییەکانیان و دەستنیشانکردنی ئەو ستەمانەی کە هەن، دیدگایەک دروستکردن و دیاریکردنی ئامانجەکان، چوارچێوەدان بە خەباتەکان، و لە کۆتاییدا پێویستە هەنگاونان بە ئاراستەیەکی دروست لە پلانەکەیاندا بگرێتەوە، نابێت پەلە بکەن بۆ ناو ئاوەکە و پەروەردە پاڵ بنێنە دواوە، کە گەورەترین دوژمنی ژنە نەزانییە.